سکاڵا لەسەر بایدن تۆمار کرا

K24 - هەولێر

رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە ئەمەریکا، سکاڵا لەسەر جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا تۆمار دەکات و تۆمەتباری دەکات بە شکستهێنان لە رێگریکردن لە کۆمەڵکوژی کەرتی غەززە.

سکاڵای ناوەندی مافە دەستوورییەکانی"CCR" باس لەوە دەکات، کە ئیسرائیل کۆمەڵکوژی و بە ئامانج گرتنی ژێرخانی ئابووری و دەرکردنی زۆرەملێ کە یەکسانە بە جینۆسیاد تۆمەتبار دەکات.

ئەو رێکخراوە لە راگەیەندراوێکدا، لە 13 تشرینی دووەمی 2023 ئاماژەی بەوەداوە، لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە حکومەتی ئیسرائیل، هەستاوە بە ئەنجامدانی کوشتنی زیاتر لە 11 هەزار هاووڵاتی سڤیل، لە غەززە کە لەنێویاندا، چوارهەزار و 400 منداڵن و زیاتر لە 28هەزار بریندار کە ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ بەکارهێنانی چەکی فسۆڕی سپی کە بەکارهێنانی لە جیهاندا قەدەغەیە.

ناوەندی مافە دەستوورییەکانی راشیگەیاندووە: بایدن سەرۆکی ئەمەریکا، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و وەزیری بەرگری ئەمەریکا شکستیان هێنا لە رێگری لەو کۆمەڵکوژییە کە دەکرێت لەلایەن ئیسرائیلەوە.

دەشڵێت: "لە دادگای تێهەڵچوونەوە سکاڵامان لەسەر جۆو بایدن سەرۆککۆماری ئەمەریکا تۆمار کردووە و لەسەر ئەو شکستهێنانی لە غەززە.

رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، لە رێککەوتنامەی نێودەوڵەتی دژی جینۆسیاد لە ساڵی 1948 ئەمەریکا وڵاتانی دیکە داوا دەکات، کە دەسەڵات و کاریگەریی خۆیان بەکاربهێنن بۆ راگرتنی کۆمەڵکوژی.

ئاشکرایکرد، "وەک نزیکترین هاوپەیمان و بەهێزترین لایەنگری ئیسرائیل، هەروەها وەک گەورەترین دابینکەری هاوکاری سەربازی بە جیاوازییەکی بەرفراوان و لەگەڵ ئەوەی ئیسرائیل گەورەترین وەرگری کەڵەکەبووی یارمەتییە دەرەکییەکانی ئەمەریکایە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، ئەمەریکا چەندین ئامرازی لەبەردەستە بۆ ئەوەی رێگری و کاریگەری لەسەر ئیسرائیل هەبێت".

لە 7ـی ئۆکتۆبەر بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران، لەبەرامبەردا ئیسرائیل بە چڕی بۆردومانی کەرتی غەززەی کرد، کە تاكو ئێستا زیاتر لە 11 هەزار کەس کوژراون و نزیکەی 28 هەزار کەسیش بریندار بوون.

ئا: لاڤین عومەر