ئێران 36 بەندكراوی سوننە مەزھەب لەسێدارە دهدات
زۆربەیان به تۆمهتی دژایەتیكردنی خوا دادگایی دەكرێن
K24 - ههولێر:
زیاتر لە 300 بەندكراوی سوننە مەزھەب لەئێران ھەن، لەئێستادا 36 بەندكراوی سوننە لە بەندیخانەی رەجایی شاری كەرەج حوكمی لەسێدارەدانیان یەكلایی بووەتەوە، رێكخراوەكانی مافی مرۆڤیش ھۆشداری خراپتربوونی دۆخی چالاكانی مەزھەبی لەئێران دەدەن.
تەنیا لە لەزیندانی رەجایی، 36 بەندكراوی سوننە مەزھەب چاوەرێ جێبهجێكردنی سزاكهیانن، كه سێدارهیه. ھەواڵدەری مافی مرۆڤی ئێران ھرانا دەلێ رۆژی دووشەممە ھەندێك كەسی دەمامكدار ھێرشیان بۆ سەر بەندكراوە سوننە مەزھەبەكانی زیندانی رەجایی شاری كەرەج كردووە و دە كەسیان بۆ شوێنێكی نادیار بردوون.
ئەوە رەنگە ھەنگاوی یەكەم بۆ لەسێدارەدانی ئەو 36 كەسە بێت، كە سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە و ئەمرۆ یان سبەی لەسێدارە دەدرێن. ھرانا دەلێ دوو رۆژە 26 بەندكراوەكەی دیكە، لەژوورە تاكە كەسییەكاندان و بۆ چركەیەكیش دەرگایان لێ نەكراوەتەوە.
لەئێران زیاتر لە 300 كەس بەھۆی چالاكی مەزھەبی سوننە لەزینداندان،و جگە لەو 36 كەسەی كە لەسێدارە دەدرێن، ئەوانیتریش سزای بەندكردنی درێژخایەنیان ھەیە. لەو نێوەشدا ھەن كوردن، بەڵام بەھۆی سوننە بوونیان ئەو سزایەیان بەسەردا سەپاندووە.
شەھرام ئەحمەدی بەندكراوی كوردی سوننە كە ماوەی 8 ساڵە بەندكراوە،و ئێستا دەگوترێ لەچەند رۆژی داھاتوودا لەسێدارە دەدرێت، و ھەڵمەتێكی ھاشتاگی تویتەر بۆ پاراستنی شەھرام دەستی پێكردووە. بەڵام خۆی لەدوا نامەیدا گوتوویەتی كە ئێستا لەھەموو كات لە لەسێدارەدان نزیكترە،و داواكارییەكانیان بۆ پێداچوونەوە بە دادگاییكردنەكەی بێ ئەنجام بووە.
زۆربەی ئەو سوننە مەزھەبانەی لە بەندیخانەكانی ئێراندان بە ماددەی 183-ی دژایەتیكردنی خوا دادگایی دەكرێن، لەكاتێكدا ھەموویان دەلێن چالاكییەكانیان بۆ خواپەرەستی بووە.