پەیامی حەلبووسی دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی

محەممەد حەلبووسی - فۆتۆ: شڤان جەباری
محەممەد حەلبووسی - فۆتۆ: شڤان جەباری

K24 – بەغدا

محەممەد حەلبووسی، دوای دوورخرانەوەی بە بڕیاری دادگای فیدراڵی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: دادگای باڵای فیدراڵی رەچاوی رێکارە یاسایی و دەستوورییەکانی نەکردووە.

گوتیشی: "بەپێی ماددەی 49 لە دەستوور و بەپێی یاسای هەڵبژاردن بڕیارەکەی دادگا یاسایی نییە، ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی هەموو لایەنێک پابەندی دەستوور بن".

حەلبووسی راشیگەیاند: "بەگوێرەی دەستوور و یاسایی هەڵبژاردن، تەنها سەرۆکی پەرلەمان بۆی هەیە کۆتایی بە ئەندامێتی پەرلەمانتار بهێنێت، هەروەها تەنها دادگای دادوەری بۆی هەیە لەسەر تاوانە جیاوازەکان بڕیار لە سەر پەرلەمانتار دەربکەن".

ئەوەشی خستەڕوو: "تەنها بەپێی ماددەی 52ی دەستوور، دادگای باڵای فیدراڵی بۆی هەیە بەدواداچوون بکات، ئەویش لە سەر راست و دروستی ئەندامێتی پەرلەمانتار".

محەممەد حەلبووسی، گوتی: "بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ قبوڵکردنی دەستلەکارکێشانەوەکەی لەیس دلێمیش هەڵەیە، چونکە لە دەسەڵاتی ئەوان نییە".

دەشڵێت: "ئەگەر یاسا سەروەر نەبێت کۆمەڵگە بەرەو هەڵدێری دەچێت".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، حەلبووسی گوتی: "سکاڵاکەی پەرلەمانتار باسم خەشان لەبارەی پاڵپشتی کردنی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان کە "لەژێرەوە سەر بە ئیسرائیلن"هەمووی ناڕاستە و پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، دادگای فیدراڵی بە مەبەست سکاڵاکەی باسم خەشان و لەیس دلێمی تێکەڵ کردووە".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، حەلبووسی گوتی: "سکاڵاکەی پەرلەمانتار باسم خەشان لەبارەی پاڵپشتی کردنی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان کە "لەژێرەوە سەر بە ئیسرائیلن"هەمووی ناڕاستە و پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، دادگای فیدراڵی بە مەبەست سکاڵاکەی باسم خەشان و لەیس دلێمی تێکەڵ کردووە، دادگای فیدراڵی تەنها بۆی هەبوو بڕیار بدات، کە دەسلەکارکێشانەوەی لەیس دلێمی راستە یان نا؟".

محەممەد حەلبووسی، دەڵێ: "بۆ خزمەتکردن هاتوومەتە ناو سیاسەت و بەردەوامیش دەبم".

دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەمساڵ بە فەرمانێک، محەممەد حەلبووسی، بڕیاری دوورخستنەوەی لەیس مستەفا حەممود دلێمی، لە ئەندامێتی پەرلەمانی عێراق دا، پاش دوورخستنەوەی لە ئەندامێتی پەرلەمانی عێراق لە سەرەتای ئەمساڵدا، دلێمی، حەلبووسی بە ساختەکردنی نووسراوی دەست لەکارکێشانەوە تۆمەتبارکرد و كه‌ پێشتر رایگەیاندبوو، نووسراوی دەستلەکارکێشانەوە بە واژۆکراوی بەبێ نووسینی بەروار بنووسێت، ئەمەشی بۆ دوورخستنەوەی بەکارهێناوە.

رۆژی سێشەممە (14ـی تشرینی دووەمی 2023) دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەر یەکە لە محەممەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش راستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دووردەخرێتەوە.

حەلبووسی لە ساڵی 2018ـەوە سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە، هاوکات سەرۆکی حزبی تەقەدوومە. پێشتر و بەر لەوەی ببێتە سەرۆکی پەرلەمان، لە 29ی ئابی 2017، ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار بە زۆرینەی دەنگ حەلبووسی کردە پارێزگار.