پلانێکی بەپەلە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی لە دهۆک ئامادە دەکرێت

K24 - هەولێر
بە بڕیاری عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک؛ پلانێکی بەپەلە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی لە سنووری ئەو پارێزگایە ئامادە دەکرێت.
بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16-11-2023، بە سەرپەرشتیی د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و ئامادەبوونی جێگری پارێزگار بۆ کاروباری تەکنیکی و بەڕێوەبەرانی دامودەزگا پەیوەندیدارەکان، کۆبووونەوەیەکی تایبەت بە کێشەی ئاو لە دیوانی پارێزگا ئەنجامدرا.
راگەیاندنی پارێزگاری دهۆک لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، "لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو کرا و دوای هەڵسەنگدان و دانوستانی لایەنە پەیوەندیدارەکان، بڕیاردا پلانێکی بەپەلە بە کواڵێتیی بەرز بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی ئامادەبکرێت".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "پارێزگاری دهۆک و ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە جەختیان لە هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان لەبارەی کێشەی کەمئاوی و مەترسییەکانی لە داهاتوودا کردووەتەوە".
پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی ئاوی پاک لە هەرێمی کوردستان، لە ڕۆژێکدا سێ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە بە پێوەرى جیهانی بەرهەم دێنن و لە ڕێگەى پرۆژە جیاجیاکانەوە دەگەیەندرێتە ماڵان و، حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانە 500 ملیار دینار بۆ بەرهەمهێنانی ئاوی خواردنەوە خەرج دەکات.
بەپێی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2023، لە جیهاندا نزیکەى 2 ملیار کەس کێشەى دابینکردنی ئاوى خواردنەوەیان هەیە، ئەم دیاردەیەش لەگەڵ زیادبوونی دانیشتووان و وشکەساڵی زیاتر بووە. حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ئاو و گەیاندنی ئاوی پاک بە هاووڵاتییان، سیاسەتی گەشەپێدانی پرۆژە ئاوییەکانی لەسەر بنەماى زانستی گرتووەتە بەر.


