ناتانیاهۆ: بەڵگەی بەهێز به‌رده‌سته كه حەماس بارمتەی لە نەخۆشخانەی شیفا حەشاردابوو
K24 – هەولێر:
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، بەڵگەی بەهێزیان هەبووه، حەماس بارمتەی لە نەخۆشخانەی شیفا له غه‌ززه حەشاردابوو. گوتیشی: "تاوەکو بارمته‌كان ئازاد نەکرێن ئاگربەست راناگەیه‌نین".
بنیامین ناتەنیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێس ئاشکرایکرد، بەڵگەی بەهێزیان هەبووە، حەماس بارمتەكانی لە نەخۆشخانەی شیفا حەشاردابوو، بەڵام پێش ئەوەی هێزەکانیان بچنە نەخۆشخانەکە، حەماس هەموویانی گواستبووەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، له رێگه‌ی ئۆپەراسیۆنی زەمینی فشارێکی زۆریان خستووه‌ته سه‌ر حەماس. ده‌شڵێت: نزیکن لە رێککەوتن بۆ ئازادکردنی بارمتەکان.
ناتەنیاهۆ دووپاتیشیکردەوە، ئەگەر حەماس بارمتەکان ئازاد بکات، ئاگربەستی کاتی رادەگەیه‌نین.
نەخۆشخانەی شیفا کە گەورەترین نەخۆشخانەی کەرتی غەززەیە، پێشتریش حكومه‌تەکەی غه‌ززه ئه‌وه‌ی خستووه‌ته‌ڕوو، نەخۆشخانەكه بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی و کارەباوە، ژوورەکانی نەشتەرگەریی و خزمەتگوزارییەکانی لە کارکەوتوون، هاوکات لە لایەن سوپای ئیسرائیلیشەوە گەمارۆ دراوە.
لە 7ـی ئۆکتۆبەر بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل، کە به‌هۆیه‌وه زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران، زیاتر لە 240 کەسیش لای حه‌ماس بە بارمتە دەستگیرکراون و هه‌روه‌ها زیاتر لە 11 هەزار هاووڵاتی سڤیل له غه‌ززه کوژراون و زیاتر لە 30 هەزاری دیکەش بریندارن.
وه‌ك كاردانه‌وه بۆ ئه‌و هێرشه، ئیسرائیل هێرشێكی فراوانی ده‌ستپێكرد، كه تاكو ئێستاش به‌رده‌وامه.