پێنتاگۆن: لە مانگێکدا 61 هێرش کراوەتەسەر هێزەکانمان لە عێراق و سووریا

پێنتاگۆن
پێنتاگۆن

K24 – هەولێر:

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن" رایگەیاند، لە 17ـی مانگی رابردووەوە تا ئێستا 61 هێرشکراوتە سەر هێزەکانیان لە عێراق و سووریا، لەو ژمارەیەش 29 هێرش لە عێراق و 33 هێرش لە سووریا بووە.

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن" ئاشکرای کردووە، سیستمی بەرگری پاتریۆتیان رەوانەی ناوچەکە کردووە و سیستمی تادیش لەرێیە. بۆ ئەو مەبەستەش، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریکا لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی قسەیکردووە بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە لەوەی عێراق رێکارەکان بۆ پاراستنی سەربازەکانیان توندتر دەکات.

هاوکات ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەواداوە، لە 17ـی مانگی رابردووەوە تا ئێستا 61 هێرشکراوتە سەر هێزەکانیان لە عێراق و سووریا، لەو ژمارەیەش 29 هێرش لە عێراق و 33 هێرش لە سووریا بووە

رۆژی هەینی (17ـی تشرینی دووەمی 2023) سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاند، "لەبارەی گۆڕانکاری لە هێزکانمان، هیچ شتێکم نییە بۆ ئەوەی لێرەوە رایبگەێنم، بەڵام بە ئاشکرا گوتوومانە سیستمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت و تادمان رەوانەی ناوچەکە کردووە، بۆئەوەی لە ئاسمانەوە هاوکاری پاراستنی هێزەکانمان بکەین. ئەمەش لەچوارچێوەی بەهێزکردنی رێکارەکانە بۆ پاراستنی هێزەکانمان لە عێراق و سووریا و ناوچەکانی دیکەش".

سابرینا سینگ دووپاتیکردەوە، "ئێستا سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت لە ناوچەکەن و کاری خۆیان دەکەن، بەڵام سیستمی تاد هێشتا لەڕێیە و نەگەیشتووە."

لەبارەی بەردەوامی هێرشەکان بە عێراق بۆسەر بنکەکانیان و هەڵوێست و رێکارەکانی عێراق بۆ پاراستنیان، پێنتاگۆن ئاشکرای دەکات، وەزیری بەرگری ئەمریکا لەگەڵ وەزیری بەرگری عێراق قسەیکردووە، بۆئەوەی دڵنیابێتەوە لەوەی عێراق رێکارەکانی بۆ پاراستنی هێزەکانیان توندتر دەکات.

جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن ئاماژەی بەوەشکرد، "لە گفتوگۆ و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکومەت و سوپای عێراق بەردەوامین بۆ پاراستنی سەربازەکانمان. ئێمە لەسەر بانگهێشت و داواکاری عێراق لەو وڵاتەین. بۆیە بەدڵنیاییەوە هاوبەشیانین و کاریان لەگەڵ دەکەین. وەزیری بەرگریش لەگەڵ هاوبەشە عێراقیەکەی قسەیکردووە بۆئەوەی دڵنیابێتەوە لەوەی سەربازەکانمان پارێزراو دەبن و بەردەوامیش دەبین لەگەڵ گفتوگۆ و پەیوەندییەکانمان لەگەڵیان."

لەگەڵ بەردەوامی هۆشدارییەکانی ئەمەریکا، بەڵام هێشتا هێرشەکان هەر بەردەوامن و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە، تا ئێستا 62 هێرش کراوەتە سەر هێزەکانیان لە عێراق و سووریا، لەو ژمارەیەش 29 هێرشیان لە عێراق و 33 هێرشیش لە سووریا بووە.

Fly Erbil Advertisment