شوان کەلاری: بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بووەتە مایەی نیگەرانی بۆ لایەنە سیاسییەکانی عێراق

شوان کەلاری، پەرلەمانتاری عێراق
شوان کەلاری، پەرلەمانتاری عێراق

K24 – هەولێر:

پەرلەمانتارێکی عێراق، دەڵێت: تا ئێستا بە فەرمی بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵی تایبەت بە کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی حەلبووسی نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ په‌رله‌مانی عێراق. ئاماژەی بەوەشدا، دوورخستنەوەی حەلبووسی کاریگەری دەبێت لەسەر پڕۆسەی سیاسی عێراق. هاوکات دەڵێت: بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بووەتە مایەی نیگەرانی بۆ لایەنە سیاسییەکانی عێراق.

شوان کەلاری، پەرلەمانتاری عێراق، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، کۆبوونەوەی سبەی پەرلەمانی عێراق بە گوێرەی ماددەی 58ـی دەستوورە، کۆبوونەوەکەی بەیانی نائاساییە زیاتر پەیوەستە بە یاسای کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، کێشەی گەورە هەیە ئەویش بەسەرچوونی ماوەی ئەندامانی کۆمیسیاران، کە 18ـی 12 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانە و مانگی شووباتیش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە، لە هەردوو بارەکە پێویستیمان بە کۆمیسیۆنێکی کارا هەیە، پەرلەمانی عێراق پەلەیەتی کە تەمەنی کۆمیسیۆن بۆ شەش مانگ درێژبکاتەوە.

هاوکات راشیگەیاند، تا ئێستا بە فەرمی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە  کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی حەلبووسی نەگەیشتووەتە ناو پەرلەمانی عێراق، هەتاوەکو بڕیارەکە نەگات باسی شوێنگرەوە ناکرێت، بەڵام ئەگەر بڕیارەکە گەیشت یەکەم بابەتی دانیشتنی پەرلەمان بابەتی دیاریکردنی شوێنگرەوەیەک دەبێت بۆ حەلبووسی، هەرکاتێک دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کراوەیە بە دڵنیاییەوە پۆستەکە بۆ سوننەکان دەبێت.

ئەو پەرلەمانتارەی عێراق دەڵێت: لە ئێستادا ناوماڵی سوننە پەرتەوازەیە، لەوانەیە هاوپەیمانی عەزم کاندیدی هەبێت بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، پارتی تەقەدومیش پارتەکەی حەلبووسی تا ئێستا بڕیاری ئەوەیانداوە دانیشتنەکە بایکۆت بکەن، لە هەموو حاڵەتەکان تا ئێستا باسی شەش بۆ هەشت کاندید دەکرێت، هەموو کانیدەدەکان سوننەن، هەر کاندیدێک 166 دەنگ بەدەست بهێنێت بە سەرۆکی پەرلەمان دەستنیشان دەکرێت.

شوان کەلاری، ئاماژەی بەوەدا، بابەتی کشانەوەی سەدرییەکان گورزێکی کووشندەبوو بۆ پڕۆسەی سیاسی عێراق، بە دڵنییاییەوە ئەو بابەتە تازەیەش کە بەرامبەر بە سوننەکان ئەنجامدرا بێ کاریگەری نابێت، بە تایبەتی کە بارودۆخێکی تازە لە ناوچەکە هەیە، تەقینەوەی بارودۆخەکە ئەگەرێکی پێشبینیکراوە کە بەم نزیکانە رووبدات.

لەبارەی کارەکانی دادگای فیدراڵی، ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: گومان لە کارەکانی دادگای فیدراڵی دروستبووە، رۆشنبیران باسی دەکەن، لایەنە سیاسییەکانیش بەهەمان شێوە باسی دەکەن، هەروەها بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی کوردیشی نیگەران کردووە، چونکە ئەو دادگایە دەستوەردان دەکات لە هەموو کاروبارێک و، بووەتە جێگەی نیگەرانیش بۆ لایەنە سیاسییەکانی عێراقیش.

گوتیشی: دادگای فیدراڵی نەیتوانییەوە ببێتە فاکتەرێک بۆ ئاشتەوایی و، ببێتە جێگەی رەزامەندی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی عێراق، هەموو پێکهاتە نەتەویی و ئایینییەکانی عێراق، بینیمان دوێنێ کەسایەتییەکی باڵای کریستیان ناڕەزیەتی دەربڕی لەبەرامبەر بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی.

دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانی عێراق هێنا

رۆژی سێشەممە (14ـی تشرینی دووەمی 2023) دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەر یەکە لە محەممەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش راستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دووردەخرێتەوە.

لە یەکەم کاردانەوەشیدا، حەلبووسی لەمیانی دانیشتنی پەرلەماندا، سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و رایگەیاند، هەندێک لایەن هەوڵی لێکترازانی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی عێراق دەدەن.

هاوکات محەممەد حەلبووسی جەختی کردەوە هەموو رێکارە دەستووریی و یاساییەکان دەگرێتەبەر بۆ پاراستی مافە دەستوورییەکانی و بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیشی بە رێزنەگرتن لە دەستوور وەسف کرد.

حەلبووسی لە ساڵی 2018ـەوە سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە، هاوکات سەرۆکی حزبی تەقەدوومە. پێشتر و بەر لەوەی ببێتە سەرۆکی پەرلەمان، لە 29ی ئابی 2017، ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار بە زۆرینەی دەنگ حەلبووسی کردە پارێزگار.