ئەردۆغان: خەریکە شوێنێک نامێنێت بەناوی غەززە

K24 – هەولێر

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، رایگەیاند: تا ئێستا 13 هەزار فەڵەستینی لە ژن و منداڵ و کەسی بە تەمەن کوژراون. ئیدی خەریکە شوێنێک نامێنێت بەناوی غەززە، هەموو لایەک تەختی زەوی بووە.

سەرۆککۆماری تورکیا لەمیانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ ئولاف شوڵز راوێژکاری ئەڵمانیا، لە بەرلین، گوتی: "لێرەشدا بە روون و ئاشکرایی قسە دەکەم، چونکە رۆژی 7ی تشرینی یەکەم وەک دەستپێکێکی مێژوویی باس دەکرێت، هیچ باس لە قۆناغی دوای 7ی تشرینی یەکەم ناکرێت، تائێستا 13 هەزار فەڵەستینی لە ژن و منداڵ و کەسی بە تەمەن کوژراون، ئیدی خەریکە شوێنێک نامێنێت بەناوی غەززە، هەموو لایەک تەختی زەوی بووە، ئێستا باس باسی حەماسە، ئایا چەک و هێزی حەماس، بەراورد دەکرێت بە چەک و هێزی ئیسرائیل؟ ئایا ئێستا ئیسرائیل چەکی ئەتۆمی هەیە؟ هەیەتی، بەڵام ئەگەر ئەمە لە ئیسرائیل بپرسن، ناتوانێت بڵێت 'هەمە'، چونکە ئەوانە زۆر باش درۆ کردن دەزانن، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، ئێستا باس لەوە دەکرێت چەندە پشتیوانی دارایی کراوە. باشە، ئایا پشتیوانییەکی لەو شێوەیە لە حەماس دەکرێت؟ ئایا شتێکی لەم شێوەیە جێگەی باسە؟ نەخێر، شتی وا نییە. ئەو پشتیوانییەی پێویستن پێشکەش بە فەڵەستین ناکرێت".

ئەردۆغان، راشیگەیاند: "ئەگەر بە دەست و قۆڵ و زمان بەستراوی بمێنینەوە، مێژوو لە بیرمان ناکات، پێویستە جەنگی ئیسرائیل-فەڵەستین لە ناو دەروونی قەرزداریدا هەڵبسەنگێندرێت، من ئاسوودە قسە دەکەم، چونکە ئێمە قەرزداری ئیسرائیل نین، ئەگەر قەرزداربین ناتوانین ئەوەندە ئاسوودە قسە بکەین، بەڵام ئەوانەی قەرزدارن، ناتوانن ئاسوودە قسە بکەن، ئێمە بە گوشاری مەعنەوی هۆڵۆکۆستدا تێنەپەڕین. دۆخێکی لەو شێوەیەشمان نییە، چونکە ڕێزگرتنمان لە مرۆڤ زۆر زۆر جیاوازە، من کاتێک سەرۆکوەزیران بووم سەرکردەیەک بووم کە بۆ یەکەمجار هەڵوێستم بەرامبەر دژەجوولەکە وەرگرت، لە جیهاندا هیچ سەرۆکوەزیرانێک ئەم هەڵوێستەی نەبوو".

سەرۆککۆماری تورکیا، ئاماژەی بەوەشدا: "چارەنووسی بارمتە و دەستبەسەرکراوەکان لە دەستی ئیسرائیل دایە، پێویستە ئەمەش ببینین، ئەگەر ئەمە نەبینین، ئەمەش ناڕەوا دەبێت".

دوێنێ 17/11/2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، لە باڵەخانەی سەرۆکایەتی وەزیرانی ئەڵمانیا، لەلایەن ئولاف شوڵز راوێژکاری پێشوازی لێکرا.