تورکیا گفتوگۆکانی سەبارەت بە ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ دواخست
K24 - هەولێر
لیژنەی کاروباری دەرەوە لە پەرلەمانی تورکیا گفتوگۆی لەبارەی پرۆتۆکۆڵی پەیوەستبوونی سوید بە ناتۆ دواخست، هاوکات ئەنقەرە گفتوگۆکانی لەگەڵ بەریتانیا و ئیسپانیا کردووە، بۆ کڕینی 40 فڕۆکەی جەنگی "یۆرۆفایتەر تایفون"، هەوڵیش دەدات ئەڵمانیا رازی بکات چونکە دژایەتی ئەو بیرۆکەیە دەکات، بەمەش هەوڵ دەدات گوشار لەسەر ئەمەریکا دروست بکات.
لیژنەی کاروباری دەرەوە لە پەرلەمانی تورکیا بڕیاری دواخستنی تاوتوێکردنی پرۆژەیاسای پەسەندکردنی پرۆتۆکۆڵی پەیوەستبوونی سوید بە ناتۆی دا، بەپێی پێشنیازێک کە لەلایەن نوێنەرانی پارتی داد و گەشەپێدان لە لیژنەکەدا خراوەتەڕوو، کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو دەستیان بە تاوتوێکردنی پرۆتۆکۆڵی پەیوەستبوون بە ناتۆ کردووە، ئەمەش بە پاساوی ئەوەی دانوستانەکان بەپێی پێویست نەبوون.
فواد ئۆکتای، سەرۆکی لیژنەکە گوتی: هاوپەیمانی گەل کە لە پارتی داد و گەشەپێدان و بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی پێکهاتووە، گفتوگۆی زیاتر ئەنجام دەدەن و رەنگە هەفتەی داهاتوو رەشنووسی یاساکە بگەڕێنێتەوە بۆ بەرنامەی کاری خۆی، بەبێ ئەوەی خشتەی کاتەکە دیاری بکات.
ئۆکتای، لە لێدوانێکیدا دوای چەند کاتژمێرێک لە گفتوگۆی لیژنەکەدا گوتی: بۆ ئەوەی هەموو نوێنەرەکانمان رازی بن بە ئەندامێتی سوید لە ناتۆ، دەبێت بە تەواوی بڕوایان پێبکرێت، هەموو ئەمانە لە کۆبوونەوەی داهاتووی لیژنەکەماندا تاوتوێ دەکەین".
ئاماژەی بەوەشکرد، دەکرێت لیژنەکە بانگهێشتی باڵیۆزەکانی سوید و ئەمەریکا بکات بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا ئیفادەکانیان لەبەردەم نوێنەران پێشکەش بکەن، هەروەها ئەگەر پەیڕەوی پەرلەمان رێگە بەو کارە بدات و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە، گوتیشی: هەردوو باڵیۆزەکە دووپاتیان کردووەتەوە کە ئارەزوو دەکەن زانیاری بە لیژنەکە بدەن.
لە لایەکی دیکەوە ئۆکتای رەتی کردەوە کە ئەندامێتی سوید لە ناتۆ بەسترابێتەوە بەوەی کە ئەمەریکا دەبێت بە داواکارییەکانی تورکیا رازی بێت بۆ کڕینی فڕۆکەی ئێف 16. ئینجا ئەندامیتی سوید پەسەند بکرێت.
یەشار گولەر وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەی لەگەڵ بەریتانیا و ئیسپانیا لە گفتوگۆدایە بۆ کڕینی فڕۆکەی جەنگی یۆرۆفایتەر تایفون، بەڵام ئەڵمانیا دژایەتی ئەو بیرۆکەیە دەکات.
گولەر گوتیشی: بەریتانیا و ئیسپانیا هەوڵی رازیکردنی ئەڵمانیا دەدەن، ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی بەدوای کڕینی 40 فڕۆکەی جەنگی یۆرۆفایتەر تایفوندایە، فڕۆکەی یۆرۆفایتەر بە هاوبەشی نێوان بەریتانیا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و ئیسپانیا بەرهەم هێنراوە.
لە مانگی حوزیرانی 2022دا رێککەوتنێکی سێ لایەنە لە نێوان تورکیا، سوید و فینلەندا واژوو کراوە، لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدا تورکیا داوای لە سوید کردووە ژمارەیەک لەو کەسانەی بە تۆمەتی ئەندامبوون لە ریزەکانی پەکەکە و بزووتنەوەی فەتحوڵڵا گولەن داواکراون و لە سوید نیشتەجێن رادەستی تورکیا بکرێنەوە.
لە مانگی ئاداری ساڵی رابردوودا تورکیا داواکاری فینلاندای بۆ بوونە ئەندامی ناتۆ پەسەندکرد، لەکاتێکدا هێشتا رەخنەی لەبارەی ئەندامییەتی سویدەوە هەبوو و داوایکرد هاوکاری بکات و هەنگاوی کۆنکرێتی بنێت لە بابەتی رادەستکردنەوەی کەسانی داواکراو بە دەسەڵاتی دادوەری تورکیا بە تۆمەتی تیرۆر.
تورکیا داوا لە سوید دەکات دەیان لایەنگری پەکەکە کە لەسەر خاکی وڵاتەکەی نیشتەجێن، رادەست بکاتەوە، بەڵام حکومەتەکەی جەخت لەوە دەکاتەوە کە بابەتەکە پەیوەستە بە دەسەڵاتی دادوەرییەوە.