ئیسرائیل بارەگایەکی بزووتنەوەی فەتح بۆردومان دەکات

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ شەممە، مانگی سووری فەڵەستین رایگەیاند، لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر کەمپی پەنابەرانی بەلاتە، لە رۆژهەڵاتی شاری نابلوس لە کەرتی رۆژئاوا لانی کەم پێنج کەس کوژران.

ئاژانسی هەواڵی فەڵەستینی بڵاویکردەوە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیل بارەگای بزووتنەوەی فەتحی لە کەمپی بەلاتە بۆردومان کرد و زیانی گەورەی بە شوێنە گەیاندووە پێنج کەسیش کوژران.

لە لایەکی دیکەوە، تەلەفزیۆنی فەڵەستین پێشتر بڵاویکردەوە کە هێزێکی سوپای ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر شاری تولکەرم لە کەرتی ڕۆژئاوا.

لە 7ـی ئۆکتۆبەر بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل، کە به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر لە هەزار و 200 ئیسرائیلی کوژران، زیاتر لە 240 کەسیش لای حه‌ماس بە بارمتە دەستگیرکراون، لە هێرشەکانی ئیسرائیلیشدا زیاتر لە 13 هەزار هاووڵاتی سڤیل له‌ غه‌ززه‌ کوژراون و زیاتر لە 30 هەزاری دیکەش بریندارن.

بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 15/11/2023، سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی بۆ سەر نەخۆشخانەی شیفا لە کەرتی غەززە دەستپێکرد.

بزووتنەوەی حەماسیش رایگەیاندووە، سەربازانی ئیسرائیل بە تانکەوە چوونەتە ناو بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شیفا و تەواوی بەرپرسیارێتییەکانیش لە ئەستۆی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکایە.

هەروەها وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین نیگەرانی خۆی رایگەیاند و گوتی: سوپای ئیسرائیل تاوانکارییەکی دیکەی دژ بە مرۆڤایەتی و تیمە پزیشکی و نەخۆشەکان ئەنجامدا.