دەرار زێباری: داوا دەکەین لەجیاتی دروستکردنی باڵەخانەی بەرز کارگە بکرێنەوە

K24 - هەولێر
سەرۆکی لقی دهۆکی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان رایدەگەیەنێت، داوایان لە وەبەرهێنەران کردووە لەجیاتی دروستکردنی بەردەوامی باڵەخانەی بەرز لە دهۆک، کارگەی جۆراوجۆر بکەنەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 18-11-2023، دەرار زێباری، سەرۆکی لقی دهۆکی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، "لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، چەندین پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی لە سنووری پارێزگای دهۆک ئەنجام دراون".
زێباری گوتیشی: "لیژنەیەکمان هەیە، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک سەرۆکایەتی دەکات کە تایبەتە بە پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنان بە وەبەرهێنەر و هاووڵاتییانی سنووری پارێزگای دهۆک. لیژنەکەمان ئاسانکاریی زۆری بۆ وەبەرهێنەران کردووە بۆ ئەوەی وەبەرهێنان ئەنجام بدەن؛ بەڵام پێش ئەوەی مۆڵەت بە هەر لایەنێک بدەین، لێکۆڵینەوە لە پڕۆژەکان دەکەین".
ئاماژەی بەوەش کرد، "لە کۆبوونەوەکانماندا لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و د. محەممەد شۆکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، جەختمان لەوە کردووەتەوە، کە دەمانەوێت وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەوە بێن کارگەمان بۆ بکەنەوە و دابمەزرێنن نەک تەنها باڵەخانەی بەرز دروست بکەن".
سەرۆکی لقی دهۆکی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو: "پلانمان بۆ ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی دیکەی گرنگ ئامادەکردووە. ئێستا کار بۆ دروستکردنی کارگەیەکی چیمەنتۆ لە دهۆک و کارگەیەکی دیکەی هاوشێوە لە زاخۆ دەکرێت".
ئەمە لە کاتێکدایە لەم چەند ساڵەی دواییدا کەرتی تایبەت لە پارێزگای دهۆک گەشەکردنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری گرنگی بەو کەرتە دەدات. کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سنووری پارێزگای دهۆک مۆڵەتی بە 64 پڕۆژە داوە.
هەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی دهۆک بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە، دەبێ گرنگی بە کەرتی تایبەت بدرێت، بۆ دروستکردنی ئابوورییەکی بەهێز لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان، کە هەموو سێکتەرەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵی و گەشتیاری لەخۆ دەگرێت".
بەگوێرەی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی دهۆک، ئێستا 276 پڕۆژەی وەبەرهێنان لە بواری جیا جیادا بە گوژمەی شەش ملیار دۆلار لە پارێزگای دهۆک هەن، بەهۆی ئەو پڕۆژانەوە 20 هەزار هەلی کاری بەشێوەی راستەوخۆ و 100 هەزار هەلی کار بەشێوەی ناڕاستەوخۆ رەخسێنراون.
پرۆژەی تێرمیناڵی دهۆک، یەکێکە لە پڕۆژەکانی کەرتی تایبەت، کە هەلی کاری بۆ ژمارەیەکی زۆری گەنجان رەخساندووە، چاوەڕێ دەکرێت لەکاتی تەواو بوونی بەشەکانی دیکەی تێرمیناڵەکە هەلی زیاتر بڕەخسێنێت.
شادن جەمیل، سەرپەرشتیار تێرمیناڵی دهۆک بە کوردستان24ی گوت: "تائێستا نزیکەی هەزار هەلی کار لە تێرمیناڵ بۆ گەنجان رەخسێنراوە، بێگومان لەکاتی تەواوبوونی هەموو بەشەکانی تێرمیناڵ، بە گەشتی هەلی کار بۆ دوو هەزار گەنج دەڕەخسێنێت".