جگەرخوێن تاهیر: پرۆژەکانی ناوچەی پیشەسازی و ریسایکلین ژێرخانی ئابووری زاخۆ بەهێز دەکەن

جگەرخوێن تاهیر، بەرێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی زاخۆ
جگەرخوێن تاهیر، بەرێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی زاخۆ

K24 – هەولێر:

بەرێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی زاخۆ ئاماژە بە گرنگی پرۆژەکانی ریسایکلین و ناوچەی پیشەسازی دەکات و رایگەیاند، دەبێتە هۆکارێک بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری زاخۆ، کە ئەمڕۆ لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرانەوە.

رۆژی یەکشەممە (19ـی تشرینی دووەمی 2023) جگەرخوێن تاهیر، بەرێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی زاخۆ بە کوردستان24ـی راگەیاند، پرۆژەی ناوچەی پیشەسازی کرد کە ئەمڕۆ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کردیەوە، بە یەکێکە لە پرۆژە گرنگ و ستراتیژییەکان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ وەسفیکرد و  پێی وابوو کاری  رێکخستن و یەکخستنی کەرتی پیشەسازی دەکات ، هاوکات ژێرخانی ئابووری زاخۆ  بەهێز دەکات لەگەڵ دروستکردنی هەزاران دەرفەتی کار ، گوتیشی: پرۆژەکان گەشەپێدانێکی ئابووری دروستدەکات.

بەرێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی زاخۆ رایگەیاند: پرۆژەی ناوچەی پیشەسازی بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەکرێت و  کۆتایی بە قۆناغی یەکەم هاتووە لە دیراسەکردنی پرۆژەکە لە رووی ژینگە و کەشوهەوا و هاتن و چوندا ، لەگەڵ هانگاوەکانی دروستکردنی نەخشەی پرۆژە و پەسەندکردنی بەپێی ستانداری جیهانی،  گوتی: ئەمڕۆ گەیشتینە قۆناغی دووەمی پرۆژەکە کە قۆناغی ژێرخان و گەیاندنی خزمەتگوزارییە بۆ دەڤەرەکە لە شەقام و ئاوەڕۆ و یەکەی چارەسەریی و تەواوی ئەو خزمەتگوزارییانەی هاووڵاتییان پێویستیانە، بەپێی ئەو پلانەی دانراوە، لە ماوەی 3  ساڵدا پرۆژەکە تەواو دەبێت دەچینە قۆناغی سێیەم کە بۆ ئێمە گرنگە و دەرفەت دەدەینە کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان بۆ کارکردن، راشیگەیاند: تا ئێستا زیاتر لە  20 پرۆپۆزەڵی کارگەی پیشەسازیان لە هەموو  پیشەسازییەکی خۆراک و کەلوپەل و کیمیایی بۆ هاتووە و وەبەر‌هێنەرانی زاخۆ و تورکیا پشکی شێریان بەرکەوتووە لەو پرۆژانە.

جگەرخوێن تاهیر سەرنجی بۆ گرێبەستەکانی ئەو کۆمپانیایانە راکێشاو لەبارەی گرێبەستی ریسایکلین گوتی: ئەو گرێبەستەی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەڵمانی کردوویەتی لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، کار دەکەن لەسەر ریسایکلینی ئەو زبڵ و خاشاکەی دەگەنە کارگەکە بۆ ماوەی 10 ساڵ بە سەرمایەی 31 ملیار دینار، بەپێی گرێبەستەکەش کۆمپانیا ئەڵمانیاکە پابەندە بەوەی ستافێکی کوردستانی ئامادە بکات کە بە 10 ساڵ کارەکەیان تەواو بێت، چونکە ئەو ستافە کوردستانییە کارگەکە وەردەگرێت و بەڕێوەی دەبات .

بە قسەی بەرێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی زاخۆ، ئەو پرۆژەیە گرنگیەکەی لەوەدایە ژینگە دەپارێزێت، پاراستنی ژینگەش ستراتیژیەتی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، لە پرۆژەکە پاشماوەی نەخۆشخانەکان و نۆرینگەکانی پزیشکیی کۆدەکرێنەوە و لەو کارگەیە بە ستانداردی جیهانی چارەسەر دەکرێن.

دەرفەتی وەبەر‌هێنان لە هەرێمی کوردستان وای لە وەبەرهێنەران کردووە پرۆژەکانیان لە کوردستان جێبەجێ بکەن، بەپێی قسەکانی بەرێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی زاخۆ: سەرنجی وەبەرهێنەرانیان بۆ لای زاخۆ راکێشاوە، بەپێی ئەو پلانەی دوو ساڵە دارێژراوە، وایکردووە وەبەرهێنەران روو لە زاخۆ بکەن و پرۆژەی خۆیان پێشکەش بکەن، تا ئێستا نزیکەی 100 پرۆپۆزەڵی وەبەرهێنانیان لە تەواوی سێکتەرەکان پێگەیشتووە، لەنێو ئەوانەشدا تا ئێستا 23 پرۆژەیان پەسەندکردووە کە بەهاکەی 320 ملیۆن دۆلارە و کاری لەسەر دەکەن.

بەرێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی زاخۆ ئاشکرایکرد، بۆردێک لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دروستکراوە بۆ کەمکردنەوەی رۆتین و دروستکردنی پەیوەندیەکی بەهێز لەگەڵ وەبەرهێنەران و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

ئا/ کارزان حەیدەر

Fly Erbil Advertisment