ساڵانە 110 تۆن زەیتی زەیتوون لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێندرێت

زەیتوون
زەیتوون

K24 – هەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو رایگەیاند، بەرهەمی ساڵانەی زەیتی زەیتوون لە هەرێمی کوردستان ساڵانە دەگاتە 110 تۆن.

ئەمڕۆ شەممە 25ی تشرینی دووەمی2023، هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە هەرێمی كوردستان حەوت كارگەی زەیتی زەیتوون هەیە، كە ساڵانە بەرهەمی ناوخۆیی زیتوون لە جووتیاران وەردەگرن، بەشێك لەو بەرهەمە بۆ خۆیان هەڵدەگرن و دەیکەن بە زەیت و دەیخەنە بازاڕەوە، بەشەکەی دیکەی زەیتوون، جووتیاران خۆیان دەیبەن بۆ كارگەكان و دەیكەن بە زەیت، یاخود خۆشی دەکەن بۆ خواردن  دواتر لە بازاڕ ساغی دەكەنەوە.

لە هەولێر سێ كارگەی زەیتی زەیتوون هەیە، ساڵانە دەیان تۆن زەیتوون لە جووتیاران وەردەگرن و بەرهەمی ساڵانەی زەیتی زەیتوون لە سەروو 20،4 تۆنە، هەروەها لە سلێمانی یەک کارگە هەیە، ساڵانە 10 تۆن زەیتی زەیتوون بەرهەم دێت، لە دهۆكیش دوو كارگە هەیە، ساڵانەیان نزیكەی سێ تۆن زەیت بەرهەم دەهێنیت، هەروەها لە پارێزگای هەڵەبجەش یەک کارگەی هەیە ساڵانە 60 تۆن لە زەیتی زەیتوون بەرهەم دەهێنیت، كۆی بەرهەمی زەیتی زەیتوون لە هەرێمی كوردستان دەگاتە نزیکەی 110 تۆن.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵ لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە هەزار و 340 جووتیار كاری بەرهەمهێنانی زەیتوون دەكەن.

هیوا عەلی گوتەبێژی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو گوتیشی: "هەرێمی كوردستان خاکێکی بە پیت و گونجاوی هەیە بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، ئەگەر جووتیار گرنگی پێبدەن و خزمەتی بکەن، بەرهەمێكی زۆر باشی هەیە، بۆ زیتی زەیتوون و خۆشكردنی".

کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ماوەی دەستبەکاربوونی، بایەخێکی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵ داوە، وەک بە شێک لەپێشخستنی ئابووری و لە پێناو  پاراستن و زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆ، پشتگیری جووتیارانی هەرێمی كوردستانی کردووە، لەو چوارچێوەیەشدا لەم دوو ساڵەی دواییدا بەشێک لە بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەناردەی وڵاتان دەکرێت.

ئا: لاڤین عومەر

Fly Erbil Advertisment