ئۆزگور محەممەدئۆغلۆ: داوامان لە تورکیا کردووە گەشتە ئاسمانییە راستەوخۆکانی نێوان دیاربەکر و هەولێر دەستپێبکاتەوە

K24 - هەولێر:
خاوەنکارێک ئاماژە بەوە دەکات، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بواری ئابووریدا پێویستی بە تورکیا هەیە و تورکیاش پێویستی بە هەرێمی کوردستانە. گوتیشی: "داوامان لە ئەنقەرە کردووە گەشتی ئاسمانی راستەوخۆی نێوان دیاربەکر و هەولێر دەستپێبکاتەوە بۆ برەودان بە جووڵەی بازرگانی و ئابووری نێوان هەردوولا.
ئەمرۆ دووشەممە (27ـی تشرینی دووەمی 2023) ئۆزگور محەممەدئۆغلۆ، خاوەنکار، گوتی: ئەمساڵ رێژەی هاوردەکردن لە دیاربەکر بۆ باشووری کوردستان 20% کەمی کردووە، بازرگانانیش داوایان لە ئەنقەرە و بەغدا کردووە ئاسانکاری بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بازرگانی لەنێوان باکوور و باشووردا بکەن، بەهۆکاری ئەوەی دیاربەکر پشت بە هەناردەکردنی بەرهەمەکانی بۆ هەرێمی کوردستان دەبەستێت.
ئۆزگور محەممەدئۆغلۆ، ئاماژەی بەوەکرد، پێشتر بەبەهای نزیکەی 140 ملیۆن دۆلار کەلوپەل لە دیاربەکر هەناردەی هەرێمی کوردستان دەکرا ، بەراورد بە ساڵی رابردوو رێژەکە 20% دابەزیوە.
بە تێڕوانینی ئۆزگور، بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە تورکیا و چوون و هاتنەوەی بارهەڵگرەکان لە تورکیاوە بۆ هەرێمی کوردستان، نرخەکانی بەرز کردووەتەوە.
ئەو خاوەنکارە گوتی: گەشتە ئاسمانیەکانی نێوان هەولێر و دیاربەکر وەستاوە، ئێمە داوامان لە سیاسەتمەدارانی ئەنقەرە کرد ئەو گەشتە ئاسمانییانە دەستپێبکەنەوە بۆ گەشەپێدانی ئاستی ئابووری و گەشتیاری نێوان باکوور و باشووری کوردستان.
لەبارەی هەڵوێستی ئەنقەرەش لەسەر ئەو داواکارییەی ئەو خاوەنکارە، ناوبراو دەڵێت: ئەنقەرە تاوەکو ئێستا داوەکەی رەتنەکردووەتەوە، بەڵام گرفتی تەکنیکی هەیە لە نەبوونی فڕۆکەی چوون و هاتن و، پێیان گوتین: "کە لە ئاییندەیەکی نزیک ئەو کێشە تەکنیکییە چارەسەر دەکەین". ئۆزگور پێی وابوو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە باکوور و تورکیایە ، دیاربەکر و تورکیاش پێویستی بە هەرێمی کوردستان و باشوورە. گوتیشی: "90% ئابووری دیلۆک بەهۆی هەرێمی کوردستان گەشەی کردووە و ئەوەش کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئابووری تورکیا دروستکردووە" .
ئەمڕۆ دووشەممە (27ـی تشرینی دووەمی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عەلی ریزا گونەی، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا، گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی بارودۆخی گشتیی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە تاوتوێکران و جەخت لە برەودان بە پەیوەندییەکان لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئاسانکاریکردن بۆ هاتووچۆ و گەشتکردن لە نێوان هەردوولادا کرا.
تەوەرێکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیى دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکی لە زووترین کاتدا. لەمبارەیەوە باڵیۆزی تورکیا ئامادەیی تەواوی وڵاتەکەی بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردن دەربڕی.
ئامادەکردن: کارزان حەیدەر