خالید حەیدەر مامۆستای زانکۆ: عێراق و تورکیا هەوڵدەدەن مامەڵەکردن بە دۆلار کەمبکەنەوە

K24-هەولێر
شاندێکی بانکیی و دارایی عێراق لە تورکیان بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو وڵاتە بگەنە رێککەوتن لەسەر کەمکردنەوەی مامەڵەکردن بە دۆلار لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان و دراوی هەردوو وڵات لەگەڵ یۆرۆ بەکار بهێنن لەبری دۆلار، کە ئێستا کۆت و بەندی بانکی ناوەندی ئەمهریکای لەسەرە.
ئەمڕۆ دووشەممە ( 27-ی تشرینی دووەمی 2023) ، د.خالید حەیدەر مامۆستای زانکۆ و پسپۆری ئابووری لەبارەی سەردانی شاندی بانکیی و دارایی عێراق بۆ تورکیا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کوردستان 24 گوتی: هەوڵدانی ئەمهریکا لەگەڵ عێراق بۆ ئەوەیە مامەڵە کردن بە دۆلار بەشێوەی کاغەزی کەمکاتەوە و دۆلار تەنیا بە حەواڵەکردنی دەرەکی بێت، مەبەستی ئەمهریکا لەو پرۆسەیە ئەوەیە دۆلاری زیاتر لەبەر دەست نەبێت و نەگوازرێتەوە ئێران .
ئەو پسپۆرە ئابوورییە ئاماژە بەوە دەکات، چوونی شاندی عێراق بۆ تورکیا، هەوڵێکە بۆ ئەوەی خواست لەسەر دۆلار کەمبکەنەوە لەپێناو ئەوەی یاری بە نرخی دۆلار نەکرێت، ئەو پسپۆرە پێی وابوو ئەو هەنگاوە خواست لەسەر لیرەی تورکی و یۆرۆ زیاد دەکات و بۆ تورکیاش باشە ئابووری عێراق داوای لیرەی تورکی بکات، لە کاتێکدا ئێستا لیرەی تورکی دادەبەزێت ، دەشڵێت: ئەگەر ئەو رێککەوتنە واژوو بکرێت، ئیتر دیناری عێراقی لەلایەن وڵاتانی دەوروبەر خواستی لەسەر دروستدەبێت و بەهای دیناری عێراقی بەرز بێتەوە .
ئەو هەنگاوانە بۆ پەسەندکردنی حەواڵەکردنی ئەلیکترۆنییە لەنێوان بانکەکانی عێراق و بانکەکانی تورکیا ، وردە وردە بانکی ناوەندی رۆڵی چاودێر ببینێت نەوەک رۆڵی جێبەجێکار.
پسپۆرە ئابووریەکە پێی وابوو، ئەگەری ئەوە هەیە ئەوەی بڕیاری لەسەر دراوە بە ئاسانی جێبەجێ نەکرێت، پێویستە چەند رێککەوتنێک هەبێت لەنێوان عێراق و تورکیا لەگەڵ ئەو وڵاتانەی هاوبەشی سەرەکی عێراقن، بە پێویستیشی زانی رێککەوتن لەسەر نرخی گۆڕینەوەی دیناری عێراقی بکەن لەگەڵ دراوی ئەو وڵاتانە کە چەند بێت، بەو شێوەیە خواست لەسەر دیناری عێراقی زیاد دەکات لەلایەن ئەو وڵاتانەوە وەک چۆن عێراق خواستی بۆ دراوی ئەو وڵاتانە دەبێت، ئەوەش وا دەکات بەهای دیناری عێراقی بەرز بێتەوە بەتایبەت بەرامبەر بە دۆلار .
پێشتریش عەلی عەللاق پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاندبوو، کەمی یەدەگی دیناری عێراقی دوورە لە راستی و بانکی ناوەندی بەردەوام وەڵامی خواست لەسەر دینار دەداتەوە ، دەشڵێت: ئەو دینارەی لەبەر دەستدایە نزیکەی 100 ترلیۆن دینارە و 70٪ ی ئەو بڕە پارەیە لەنێو مامەڵەدایە، گوتبوشی: بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای نەوت، ئابووری عێراق لە رەوشێکی باشدایە و پلانی ستراتیژیان هەیە بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی سیستەمی پارەدان .
ئەمڕۆ شاندێکی بانکی و دارایی عێراق لە تورکیایە بۆ ئەوەی مامەڵەکردن بە دۆلار لە بازرگانی نێوان هەردوو وڵات کەم بکەنەوە و مامەڵەکە بکەنە لیرەی تورکی و یۆرۆ ، بۆ ئەوەش بڕیاره چەند رێککەوتنێک لەو بارەوە واژوو بکەن.
کارزان حەیدەر