ساڵانە لە هەرێمی کوردستان 14 ملیۆن تۆن شیش بەرهەم دەهێنرێت

K24 – هەولێر
راوێژکارێکی ئابووری لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی رایگەیاند، هەرێمی کوردستان ساڵانە 14 ملیۆن تۆن شیش بەرهەم دەهێنێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 28ی تشرینی دووەمی 2023، فەتحی محەممەد، راوێژکاری ئابووری لە وەزارەتی بازرگانی پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی گوت: "بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، نزیکەی 15 کارگەی ئاسن لە هەرێمی کوردستان هەن، بە کارگەی ڤان ستیل کە ئەمڕۆ لە هەولێر کرایەوە، دەبێتە 16 کارگەی ئاسن، توانای بەرهەمهێنانی ساڵانە شیش لە هەرێمی کوردستان دەگاتە 14 ملیۆن تۆن".
گوتیشی: "ئەو کارگانە ئێستا تەنیا ئاسنی بەکار هاتوو بەکاردەهێنن، لەبەر ئەوەی ساڵانە ئاسنی بەکارهاتوو بەکەمی دەڕوات، چونکە دووبارە بەکار دەهێنرێتەوە، بەپێی خەمڵاندنی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ ساڵانی رابردوو، لە ساڵی 2019 تەنیا 700هەزار تۆن ئاسنی بەکار هاتوو هەبووە، 2020 تەنیا 600 هەزار تۆن، 2021 تەنیا 440 هەزار تۆن، 2022 تەنیا 300هەزار تۆن ئاسنی بەکار هاتوو، ئەمەش واتای ئەوەیە ساڵانە رێژەی ئاسنی بەکارهاتوو روو لە کەمی دەکات".
فەتحی محەممەد، ئاماژەی بەوەشدا: "وەک ماددەیەکی خاویش، تەنیا یەک کارگە نەبێت ماددەی خاو بەکاردەهێنێت، کە پێی دەگوترێ کەرەستەی خاوی ئەسفەنجی، پشت بەو ماددە خاوە دەبەستن بۆ دروستکردنی شیش، ئەو کەرەستەش لە دەرەوەی وڵات هاوردە دەکرێت".
راشیگەیاند: "لە هەرێمی کوردستان، بەرهەمهێنانی شیش تا ئاستێکی باش گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی، واتە بەرهەمەکانمان تەنیا لە هەرێمی کوردستان بەکار ناهێنرێت، بەڵکو هەناردەی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکرێت".
دەربارەی نرخیش فەتحی محەمەد گوتی: "نرخی یەک تۆن شیش زۆر نزیکە لە نرخی شیشی تورکی، بەو پێیەی کوالێتییەکەی باشە، ناتوانین نرخێکی بۆ دابنرێت، نرخە رۆژانە لە بەرزبوون و دابەزیندایە، خواستێکی زۆریشی لەسەرە لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان".
حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم چەند ساڵەی دواییدا گرنگی زۆری بە کەرتی پیشەسازی داوە، لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ سێشەممە 28/11/2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کارگەی ئاسنی "ڤان ستیل"ـی لە هەولێر کردەوە کە گەورەترین کارگەی شیش و ئاسنە لە هەرێمی کوردستان و عێراق.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی کردنەوەی کارگەکە رایگەیاند: "کارگەکە بە ستانداردی جیهانی و پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیا دروستکراوە و رۆڵی گرنگی دەبێت بۆ ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان و رەخساندنی هەلی کار دەبێت".
ئا: لاڤین عومەر