ئومێد خۆشناو: هەموو ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردنی ژووری بازرگانیی هەولێر کراوە
K24 - هەولێر
پارێزگاری هەولێر رایدەگەیەنێت، لە ماوەیەکی کەمدا هەموو ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردنی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر کراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 28-11-2023، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، رایگەیاند: "لە ماوەیەکی کەم و کورتدا هەموو ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی ژووری بازرگانی هەولێر تەواوبوون و هیوادارین پڕۆسەکە سەرکەوتوویی بەڕێوەبچێت".
بە گوتەی پارێزگاری هەولێر، "جووڵەی بازرگانی، دەرفەت رەخساندن و زەمینە خۆشکردن بۆ کاری بازرگانی و پیشەسازی، کاری لەپێشینەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە. رۆژانە شاهیدی جێبەجێکردنی پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی و، پشتیوانی بەردەوامی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ کاری بازرگانی و پیشەسازی دەدەین".
لەبارەی ئەندامانی پێشووی ئەنجوومەنی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، ئومێد خۆشناو گوتی، "ئەو ئەندامانە بازرگان و کەسایەتیی دیاری شارەکەمانن و جێگەی رێز و پێزانینن. لە رابردوودا ئەوەی لە توانایاندا بووە بۆ خزمەتکردنی ئەم شارە کردوویانە. هیوادارین ئەوانەی لە ئاییندەدا دێن و کاردەکەن، وەکو ئەوان ئەوەی لە توانایاندا بێت پێشکەشی شارەکە بکەن".
رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو، 30-11-2023، کاتژمێر 08:00ـی بەیانی، هەڵبژاردنی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە دەستپێدەکات و تاوەکو کاتژمێر 05:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت؛ واتا هەموو هەڵبژاردنەکان لە یەک رۆژدا دەکرێن.
بڕیارە لە هەڵبژاردنەکاندا 13 ئەندامی ئەنجوومەنی ژووری بازرگانی لە پارێزگای هەولێر، 13 لە سلێمانی، 11 لە دهۆک و نۆ ئەندامیش لە پارێزگای هەڵەبجە هەڵبژێردرێن و بە ستافێکی نوێوە کارەکان بکەن.
دواین هەڵبژاردنی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان لە 16-4-2006 کراوە. بڕیارە لە دوای هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەن؛ سەرۆک و دوو جێگر بۆ سەرۆک لەنێوان ئەندامانی ئەنجوومەن هەڵبژێردرێن.