پێنج کارگە لە هەولێر کارتۆنی بەکارهاتوو وەردەگرن
K24 – هەولێر
لە شاری هەولێر پێنج کارگە، کارتۆنی بەکارهاتوو وەردەگرن و دەیفرۆشنەوە بە وڵاتانی دراوسێ.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ی تشرینی دووەمی 2023، سامی کەریم، خاوەنی یەکێک لە کارگەکانی کارتۆن، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "ئێمە تەنیا کارتۆنە بەکار هاتووەکان دەفرۆشینەوە، لە رابردوودا بە تورکیا و ئێران، دەمانفرۆشت و بۆ هەر تۆنێکیش بە نرخی 90 بۆ 95 دۆلار".
گوتیشی: "چۆنیەتی دروستکردنەوەی سەر لەنوێی کارتۆن بۆ هەموو جۆرە بەرهەمێک، لە وڵاتی قەتەر، ئێران و تورکیا دروست دەکرێت، ئێستا لە شاری هەولێر پێنج کارگە هەن کە کارتۆنی بەکارهاتوو وەردەگرن و دەیفرۆشنەوە بە وڵاتانی دراوسێ، بەڵام من وەک خۆم لە ئێستادا نایدەم بە تورکیا و ئێران، کڕیاری خۆم هەیە لەناوخۆی کوردستان، بۆ هەندێک لەو کارتۆنە بەکارهاتووانە، دەیفرۆشمەوە بەوان".
هاووڵاتییەکی دانیشتووی شاری هەولێر، بە کوردستان24ی گوتی: "من رۆژانە کارتۆنی بەکارهاتوو کۆدەکەمەوە، بۆ هەر تەنێک کە دەیفرۆشمەوە بە کارگەکان بە نرخی 20 بۆ25 هەزار دینار لێمان وەردەگرن، بەوەش توانیوومە داهاتی رۆژانە بۆخۆم دابین بکەم".
رۆژی سێشەممە، 31ـی ئۆکتۆبەری 2023، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کارگەی پاکەت و کارتۆن (پاکێجینگ)ی کۆمپانیای فابیابی لە هەولێر کردەوە، گەورەترین کارگەی پاکەت و کارتۆن بوو، بۆ بەرەو پێشچوونی کەرتی تایبەت هەلی کار بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان بڕەخسێت".
پڕۆژەكە توانای بەرهەمهێنانی 20 ملیۆن مەتر دووجای كارتۆنی هەیە لە مانگێكدا و رووبەری پڕۆژەكە 40،350 مەتر دووجایە و، لە ریزبەندی یەكەم لە عێراق و لە ریزبەندی شەشەم لە ئاستی وڵاتانی كەنداو دێت.
پڕۆژەكە توانای بەرهەمهێنانی هەموو جۆرە قوتوێكی كارتۆنی پیشەسازی و كشتوكاڵی و خۆراكی هەیە، بۆ ئەمەش توانای دەستەبەركردن و بە قوتوكردنی كارتۆنی بۆ تەواوی كارگەكانی كوردستان و ناوەڕاست و باشووری عێراق هەیە.
ئا: لاڤین عومەر