بەڕێوەبەری ژینگەی زیقار: عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە

K24 – هەولێر

بەڕێوەبەری ژینگەی پارێزگای زیقار رایگەیاند، لە ئێستادا گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی جیهان، بەداخەوە عێراقیش یەکێکە لەو پێنج وڵاتەی کە کاریگەری نەرێنی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە.

د.موحسین عەزیز، بەڕێوەبەری ژینگە لە پارێزگای زیقار، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە ئێستادا گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی جیهان، وڵاتە گەورەکان یەکێکن لەوانەی کاریگەرییان هەیە لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا، بەداخەوە عێراقیش یەکێکە لەو پێنج وڵاتەی کە کاریگەری نەرێنی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە.

راشیگەیاند، بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی "کۆپ28" لە دوبەی لەوکاتە هەستیارەدا زۆر گرنگە، چونکە سەرۆک و بەرپرسانی وڵاتان بەشدار دەبن و بەشێوەیەکی راستەوخۆ گفتوگۆ لەسەر هەوڵەکانیان دەکەن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی کەشوهەوا، بۆیە عێراقیش پێویستە بەگرنگیەوە سەیری ئەو کۆنفرانسە بکات،  لەبەرئەوە عێراق بە شاندێکی باڵاوە بەشداری لە کۆنفرانسەکە دەکات.

گوتیشی: عێراق ئازاری زۆری چەشتووە و بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، هیوادارین ئەو کۆنفرانسە ببێتە هۆکارێک بۆ پشتیوانی نێودەوڵەتی، هەروەها یارمەتی ئەو ولاتانە بدرێت کە زۆرترین کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە، دەشڵێت: عێراق بەشێوەیەکی جددی کار لەسەر ئەوبابەتە دەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆنفرانسەکە سەرنجی سەرەکی لەسەر گۆڕانی کەشوهەوایە، هەروەها یەکەم کۆنفرانسیشە لەسەر ئاستی جیهان کە زۆرترین سەرۆک و بەرپرس تێیدا بەشدار دەبن.

باسی لەوەشکرد، لەراستیدا گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کاریگەری زۆری لەسەر ئاوی عێراق کردووە، بەردەوامیش هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەین، هەروەها هەماهەنگی باش هەیە لە نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و وەزارەتی ژینگە، دەبێت وەزارەتی ژینگەی عێراق نوێترین تەکنیک دابین بکات، بۆ ئەوەی وەزارەتی کشتوکاڵ کەمترین ئاو بەفیرۆ بدات.

ئەمڕۆ کۆنفرانسی COP28 لە دوبەی، سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بەسەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستی بەکارەکانی کرد، سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا دەکەن.

عەمار نەجمەدین، نێردراوی کوردستان24 لە دوبەی رایگەیاند: "نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەبانگهێشتی فەرمی ئەمڕۆ بەشداری لەم کۆنفرانسە دەکەن".

Fly Erbil Advertisment