جیاکردنەوەی دەنگەکان لە هەڵبژاردنی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە
K24 – هەولێر:
دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان بەردەوامە.
پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، تا کاتژمێر (10:40)ـی ئەمشەو لە کۆی 47 سندووقی دەنگدان لە هەڵبژاردنی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، 13 سندووق جیاکراوەتەوە و پرۆسەکە بەردەوامە و چاوەڕێ دەکرێت، سبەی هەینی ئەنجامەکان ئاشکرا بکرێن.
هاوکات لە شاری سلێمانی، بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان دەرکەتووە، شێنێ ئیختیار حاجی فارس دەنگی یەکەمی لە هەڵبژاردنی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بەدەستهێناوە، بە رێژەی دوو هەزار و 350 دەنگ لە کۆی سێ هەزار و 706 دەنگدەر.
رۆژی پێنجشەممە (30ـی تشرینی دووەمی 2023) کاروان سوورچی، گوتەبێژی یەکێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، "لە هەر چوار پارێزگای هەرێمی کوردستان، 29 هەزار و 684 بازرگان مافی دەنگدانیان هەیە و 86 کاندید هەن؛ لە هەولێر 33، سلێمانی 26، دهۆک 17 و لە پارێزگای هەڵەبجەش 10 کاندید هەن".
بڕیارە لە هەڵبژاردنەکاندا 13 ئەندامی ئەنجوومەنی ژووری بازرگانی لە پارێزگای هەولێر، 13 لە سلێمانی، 11 لە دهۆک و 9 ئەندامیش لە پارێزگای هەڵەبجە هەڵبژێردرێن و بە ستافێکی نوێوە کارەکان بەڕێوە ببەن.
دوایین هەڵبژاردنی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان لە 16-4-2006 ئەنجامدراوە و بڕیارە لە دوای هەڵبژاردنی ئەندامانی نوێی ئەنجوومەن؛ سەرۆک و دوو جێگر لە ئەندامانی هەڵبژێردراو بۆ ژوورەکان هەڵبژێردرێن.