وەزارەتی کشتوکاڵ: باج لەسەر هەندێک بەربوومی هاوردە هەڵدەگیرێت

K24 – هەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند، باج لەسەر هاوردەکردنی هەندێک بەروبووم هەڵگیراوە، ئەوەش بەهۆکاری بەرز نەبوونەوەی نرخی بەرهەمەکان.

هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "لە سەرەتای ئەم مانگەوە باج لەسەر هاوردەکردنی خەیار، کوولەکە، پیاز، تەماتە و باینجان هەڵگیراوە، ئەمەش بەهۆکاری بەرز نەبوونەوەی نرخی بەرهەمەکان".

گوتیشی: "هەڵگرتنی باج لەسەر هاوردەکردنی ئەو بەرهەمانە لە کاتێکدایە، لەئێستادا کە وەرزی پایزە زۆرینەیان بەرهەمی ناوخۆی نەماوە، وەزارەتی کشتوکاڵیش بۆ ئەو مەبەستە باجی لەسەر ئەو بەرهەمانە لابرد، بۆ ئەوەی نرخیان بەرز نەبێتەوە، زۆربەی ئەو بەرهەمانەی باجیان لەسەر لابراوە ئێستا ئامادەکاری بۆ چاندنیان دەکرێت، تاکو بەهاری داهاتوو بەرهەمەکان پێدەگەن".

هیوا عەلی دەڵێت: "ئەوەی ئێستا هەیە لە ناوخۆ ترێ، هەنار، پەتاتە و هەندێک بەرهەمی دیکە پێداویستیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان پڕدەکەنەوە".

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ، راشیگەیاند، "ئێستا هەرێمی کوردستان چەند بەرهەمێکی دیکەی پێگەیشتوون و زیاترن لە پێداویستیی ناوخۆ پڕدەکەنەوە، وەک بەرهەمە گەڵا سەوزەکان سڵق، کەلەرم، کاهو، توور، شێلم و قەڕنابیت، لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێن".

ئا: لاڤین عومەر

.

 

Fly Erbil Advertisment