پێشانگایەکی شێوەکاری بۆ هونەرمەند "نامق عەلی قادر" کرایەوە

K24 – هەولێر:
هونەرمەندی شێوەکار "نامق عەلی قادر" لە دوا وێستگەی کارە هونەرییەکانی لە بواری شێوەکاری دا، پێشانگایەکی تایبەت بە مێژووی قەڵا و منارەی هەولێر لە گەلەری میدیا کردەوە و 13 تابلۆی قەڵای هەولێری تێدا نمایشکرد.
لە پێشانگاکەدا هونەرمەند هەوڵیدا بوو مێژووی سەرەتای دروستبوونی قەڵا و منارە لە قۆناغە جیاوازەکانی ژیان لە هەولێر تا مێژووی هاوچەرخ بە رەنگ بنەخشێنێت و لە 13 تابلۆدا بازاڕ و قەیسەری نیشانی ئامادەبووانی پێشانگاکەی بدات.
نامق عەلی، شێوەکار لە بارەی پێشانگاکەیەوە بۆ کوردستان24 گوتی: "جوانی بەرزی قەڵای سەر بڵندی هەولێر پەلکێشی کردم لە رەنگ و تابلۆکاندا مێژووەکەی کۆبکەوە، هەروەها مێژووی قەڵاکە بە هێلکاری نیشانی ئەوانە بدەم کە دەبن بە میوانی پێشانگەکەم، جگە لەمانەش وەرزەکانی ساڵ و سرووشتی جوانی دەشتی هەولێر بکەم بە کەرەستەیەک بۆ کارە هونەرییەکانم".
ئەم پێشانگایە بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی هونەری شێوەکاری هەولێر کراوەتەوە و ماوەی هەفتەیەکیش بەردەوام دەبێت.

