سنە بوو بە دووەم گرانترین پارێزگای سەر ئاستی ئێران

بازاڕی پارێزگای سنە
بازاڕی پارێزگای سنە

K24-هەولێر:

گرانیەکی زۆر لە نرخی خواردەمەنی و پێویستیەکانی ژیان، خەڵکی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانی بێزار کردووە و هەندێ لە هاووڵاتیان ئاماژە بەوە دەکەن، کەسێک نیە کۆنتڕۆڵی بازاڕەکە بکات.

پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان دووەم گرانترین پارێزگای ئێرانە بۆ کەلوپەلی خواردن، هەڵاوسانی گشتی لەو پارێزگایە6.5٪ زیاتر لە مامناوەندی هەڵاوسانی گشتی لەسەر ئاستی تەواوی ئێراندایە، بۆیە رۆژ دوای رۆژ سفرەی هاووڵاتیان بچووکتر و  بێ رەنگتر دەبێت.

بەپێی راپۆرتە فەرمیەکانی ناوەندی ئاماری ئێران، هەڵاوسان لەو پارێزگایە لە 50٪ نزیک بۆتەوە کە ئەمەش 6.5٪ زیاترە لە مامناوەندی هەڵاوسانی گشتی لە ئاستی هەموو ئێراندا، هەڵاوسان و گرانی وای کردووە، هاووڵاتیان توانای کڕینی پێداویستیەکانی ژیانیان نەماوە و ناچارن یا کەمتر لە رابردوو خواردەمەنی بکڕن، یا ڕوو لە کڕینی ئەو خواردەمەنیانە بکەن کە کوالێتیان خراپە و هەرزانترن.

هاووڵاتیەکی پارێزگای سنە دەڵێت، رۆژ دوای رۆژ هەموو شتێک گران دەبێت، دەشڵێ، ئەمڕۆ شتێک بکڕی، سبەی بۆت ناکڕێت، مەمنوون بوین مریشک بە 32  هەزار تمەن بکڕین، نرخەکەی بوو بە 68 هەزار تمەن، دواتر بوو بە 80هەزار  و دواتر بوو بە 90 و ئێستا بووە بە 93 هەزار تمەن، کەس نییە کۆنتڕۆڵی ئەو بازاڕە بکات، سەرباری ئەو گرانییە، کاسبیش نیە.

ئەو دۆخە کاریگەریەکی زۆری لەسەر بازاڕی خۆراک و داهاتی سوپەر مارکێتەکانیش دروستکردووە، بەشێکی زۆر لە سوپەر مارکێتەکانی پارێزگای سنە بەهۆی کەمبوونەوەی کڕیار و داهات، وازیان لە کارەکەیان هێناوە و ڕوویان لە پیشەیەکی دیکە کردووە، ئەوانەی لەسەر کارەکەشیان بەردەوامن دەڵێن، خەڵک متمانەیان پێیان نەماوە.

پارێزگای سنە دوای پارێزگای ئەردەبیل، دووەم پارێزگای گرانی ئێرانە لە کەرتی خواردەمەنیدا، بۆ زۆربوونی هەڵاوسانیش لە پلەی سێیەمی هەموو ئێران  جێگای گرتووە، بەڵێنەکانی حکومەتی ئەو وڵاتە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەڵاوسان و کەمکردنەوەی گرانی، تا ئێستا هەر لە ئاستی بەڵێندا ماوەتەوە، ئەوەی هاووڵاتیان دەیبینن، گرانبوونی رۆژانەی پێویستیەکانی ژیانیانە.

کارزان حەیدەر