پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی "نیو ملیۆن" سەردانیکاری هەبووە

K24 - هەولێر
سەرپەرشتیاری پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی دەڵێت، لەماوەی 10 رۆژدا نزیکەی نیو ملیۆن کەس لە شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە سەردانی پێشانگاکەیان کردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 07-12-2023، شەوقی عومەر، سەرپەرشتیاری پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، پێشانگاکە لە ماوەی 10 رۆژدا، نزیکەی 500 هەزار سەردانیکاری هەبووە؛ "نیوەی سەردانیکاران خەڵکی شاری سلێمانی بوون و نیوەکەی دیکەش، هاووڵاتییانی ناوخۆی کوردستان بوون کە لەشار و شارۆچکەکانەوە روویان کردبووە پێشانگاکە".
پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی رۆژی دووشەممە، 27-11-2023، دەستیپێکرد و بۆ ماوەی 10 رۆژ بەردەوام بوو. بە گوتەی شەوقی عومەر، "رۆژانە دەیان هەزار کەس سەردانی پێشانگاکەیان کردووە کە زۆرینەیان گەنج بوون". ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەمساڵ خواستێکی زۆر لەسەر کتێب هەبووە و رۆژانە بەقەبارەی سەدان ملیۆن دینار کڕین و فرۆشتن بە کتێبەوە کراوە. هیوادارین خوێندنەوەی کتێب ببێت بە کولتوورێک ئێمە بتوانین شانازی پێوە بکەین".
وەکو ئەوەی سەرپەرشتیاری پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی باسی کرد: "لە کاتی فێستیڤاڵەکە، رۆژانە هەزاران هاووڵاتیی لەرێگەی سەدان پاس لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق و شارەکانی هەولێر و دهۆک سەردانی پێشانگاکەیان کردووە. بۆ ئەمساڵ 20 وڵات و 200 دەزگای چاپ و پەخش لەگەڵمان بوون؛ وڵاتی وا هەبووە نوێنەری چاپ و پەخشی 50 دەزگای وڵاتی خۆی هەبووە، هەشبووە زیاد لە 20 دەزگای هێناوە بۆ بەشداریکردن لەم پێشانگایە".
ئامادەکردن: لاڤین عومەر