نرخی زێڕ دەگاتە 2500 دۆلار بۆ هەر ئۆنسێک؟

K24 - هەولێر:
هەرچەندە، گەنجینەی فیدراڵی ئەمەریکا کە ئەرکی سیاسەتی دراوی بانکی ناوەندی ئەمەریکایە لە ئەستۆیە ئاماژەی داوەتە بازاڕەکان کە هێشتا هەوڵەکانیان بۆ دابەزاندنی رێژەی هەڵئاوسان کۆتایی نەهاتووە بە ئامانجی بەدەستهێنانی رێژەی پەسەندکراو کە سەتا دووە. بەڵام نرخی زێڕ بەرزبووەوە، لە رۆژی دوو شەممە گەیشتە بەرزترین ئاستی مێژوویی و هەرگیز ئەوەندە بەرز نەبووەتەوە.
دوای ئەوەی هەر ئۆنسەیەک لەو کانزا بە بەهایە گەیشتە دوو هەزار و 145 دۆلار، بەڵام دواتر بەشێک لە دەستکەوتەکانی لەدەستدایەوە و بە شێوەیەکی خێرا دابەزی و گەیشتەوە ئاستەکانی 2020 دۆلار. دابەزینی نرخی زێڕ بەشێوەیەکی خێرا، وای کردووە بازڕگانان بە وردی چاودێری بازاڕی کانزاکان بکەن، دەپرسن ئایە رەوتی دابەزینی زێڕ بەردەوام دەبێت؟
بەرزبوونەوەی ئەم دواییەی نرخی زێڕ
ئەوەی لە بازاڕی زێڕ جێی سەرنجە تادێت بانکە ناوەندییەکانی جیهان نیگەرانن لە دابەزینی پێگەی دۆلاری ئەمەریکی وەک دراوێکی یەدەککراوی سەرەکی. بازاڕەکان نیگەرانییەکان دەگەڕێنەوە بۆ سیاسەتەکانی ئەمەریکا، بە تایبەت تێوەگلانی لە ناجێگیرییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست، لە هەمان کاتدا خراپی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەشێك لە وڵاتانی دیکەی ئاسیا و پشتیوانیە بەردەوامییەکانی بۆ ئۆکرینا، ئەمەش بەشداربووە لە لاوازبوونی متمانە بە دۆلاری ئەمەریکی.
جیا لە هەموو ئەمانە نیگەرانییەکان سەبارەت بە توانای ئەمەریکا لە جیىەجێکردنی بەرپرسیارێتییە داراییەکانی بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی مەترسییەکانی نەدانەوەی قەرزەکانی ئەمەریکا، بە گوێرەی دواین زانیارییەکان قەرزە گشتییەکانی ئەو وڵاتە 33 تریلیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە. لە لایەکی دیکەوەی ئەو وڵاتانەی بەدەست سزاکانی ئەمەریکاوە دەناڵێنن بەدوای بەدیلێک بۆ دەربازبوون لە سزاکان دەگەڕێن، بۆ ئەوەی پشتبەستنیان بە دۆلار کەمبکەنەوە.
هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ بەرزترین ئاستی مێژوویی بێ هۆکار نەبووە. لە روانینی تەکنیکییەوە بازڕگانان بە گرینگییەوە چاویان لەسەر جوڵەکانی نرخی زێڕ بوو، تێبینییان دەکرد ئەگەر نرخی زێڕ ئاستی مێژوویی خۆی تێپەڕێنێت، بە زەبرێکی بەهێز بەرزدەبێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئامارەکانی پەیوەست بە رێژەی هەڵئاوسان لەوانە ئامارەکانی پێنوێنی نرخی بەرکاربەر و پێوەرەکانی دیکە کە لەلایەن گەنجینەی فیدراڵی ئەمەریکا چاودێری دەکرێن بەردەوامن لە نیشاندانی ئاماژەی بەدەستهێنانی ئامانجی گەنجینەی فیدراڵی ئەمەریکا کە بووەتە گوشار لەسەر پێنوێنی دۆلار بەرامبەر سەبەتەی دراوە سەرەکییەکانی جیهان. رێژەی گەشەی پێنوێنی نرخی بەکاربەر لە ئەمەریکا لە مانگی ئۆکتۆبەر دابەزیووە بۆ 3.2% لە کاتێکدا مانگی پێشتر 3.7% بووە بەمەش کەمتر بووە 3.3%ی پێشبینییەکان.
سەرباری ئەوەی جیرۆم پاوڵ سەرۆکی گەنجینەی فیدراڵی ئەمەریکا رایگەیاندووە، هێشتا کردارەکانی گەنجینەی فیدراڵی ئەمەریکا بۆ رووبەرووبوونەوەی هەڵئاوسان کۆتایی نەهاتووە و ئەگەر پێویست بوو رێژەی سووی بانکی بەرز دەکەنەوە، بەڵام وەبەرهێنەران لێدوانەکانی پاوڵیان پشتگوێ خست و نرخی زێڕیان بەرز کردەووە. هێشتا بازاڕ پێشبینی دەکات گەنجینەی فیدراڵی ئەمەریکا لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو دەست بە کەمکردنەوەی رێژەی سووی بانکی دەکات و وەبەرهێنەران پیشبینی دەکەن نرخی زێڕ بگاتە ئاستێکی نوێ و رەوتی بەرزبوونەوە. هاوکات بەرزبوونەوەی بازاڕی پشکەکانی ئەمەریکا گومانی لە لایەن بەشدارانی بازاڕ سەبارەت بە ئاسۆی گەنجینەی فیدراڵی دروست کردووە.
ئاسۆی داهاتووی نرخی زێڕ
رۆژی هەینی ئامارەکانی بازاڕی کاری ئەمەریکا و ژمارەی دامەزراندنی جیا لە کەرتی کشتوکاڵی ئەو وڵاتە بۆ مانگی نۆڤەمبەر رادەگەیەنرێت. هەروەها ئامارەکانی متمانەی بەکاربەر لە هەمان رۆژدا بڵاو دەکرێتەوە. ئامارەکان گرینگ دەبێت بۆ گەنجینەی فیدراڵی ئەمەریکا و بازاڕی زێڕ. پێشبینی دەکرێت ئەگەر ئامارەکان ئاماژە بە بەهێزی بازاڕی کاری ئەمەریکا و متمانەی بەکاربەران و تەنانەت کەمبوونەوەی رێژەی هەڵئاوسانیش بکات نرخی زێڕ لە ئەنجامدا بەرزبێتەوە.
لە ناوەڕاستی مانگی نۆڤەمبەر، ئەنجوومەنی جیهانی زێڕ وتارێکی شرۆڤەی بڵاوکردەووە و تێیدا هات، مەترسییە جیۆپۆلیتیکییەکان و کڕینی زێڕ وەک پەناگەی سەلامەت دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ. پێشبینی دەکرێت ئەگەر ناسەقامگیرییە جیۆپۆلەتیکەکان بەردەوام بێت و قەیرانەکە چڕتر بێتەوە، بازاڕی پشکەکان بچێتە قۆناغی دابەزین و مەترسی پاشەکشەی ئابووری دووبارە بەرزبێتەوە، تەنانەت ئەگەر دەسهاتی قەواڵەکان بەرزبێتەوە و دۆلاریش بگاتە لوتکە، نرخی زێڕ پێشبینی دەکرێت بەرزبێتەوە.
لویس ستریت، شرۆڤەکاری باڵای بازاڕ لە ئەنجومەنی جیهانی زێڕ رایگەیاندووە، سەرەڕای کاریگەرییە نەرێنییەکانی بەرزی ڕێژەی سووی بانکی و بەهێزی دۆلاری ئەمەریکی، لە سەرەتای ئەمساڵەوە خواست لەسەر زێڕ بەهێز بووە. دەشڵێت، راپۆرتەکەمان سەبارەت بە بازاڕی زێڕ دەریدەخات، بە بەراورد بە تێکڕای پێنج ساڵ خواست لەسەر زێڕ لە چارەکی سێیەمدا بە بەهێزی ماوەتەوە. بۆیە، پێدەچێت خواست لەسەر کانزایەکە گەشەیەکی چاوەڕواننەکراو بەخۆیەوە ببینێت، ئەمەش لە دەرئەنجامی پێشبینیکردنی بەرزبوونەوەی گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکان و بەردەوامی کڕینی زێڕ لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە.
هەرچەندە رەنگە فرۆشتنی کورتخایەن لە بازاڕی زێڕدا روو بدات، بەڵام دەشێت ژیرانە بێت وەک دەرفەتێکی وەبەرهێنان سەیری زێڕ بکەین. مارک نیوتن، شرۆڤەکاری کۆمپانیای فەندسترات، رایگەیاندووە، شکاندنی بەرگری زێڕ لە 2080 دۆلار، پێشکەوتنێکی تەکنیکی ئاشکرایە. بەڵام ئاشکرای دەکات کاتێکی چاوەروانکراو بۆ بەرزبوونەوەی زێڕ بۆ 2500 دۆلار مەرج نییە لە کۆتایی ئەمساڵدا بێت، بەڵکو ئامانجێکی مامناوەندە. بەگشتی، وا دەردەکەوێت ئاراستەی نرخی زێڕ ساڵی 2024 بەرەو سەرەوە بێت، پێشبینی دەکرێت نرخی زێڕ زیاتر بەرزبێتەوە و ئەگەری نزیکبوونەوەی زێڕ لە ئاستی 2500 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک لە ساڵی داهاتوو هەیە. لە روانینی شیکاری تەکنیکییەوە، هێشتا نرخی زێڕ بە بەهێزی دەردەکەوێت و، ناوچەی داهاتووی بەرگری بۆ نرخی زێڕ ٢٢٠٠ دۆلار دەبێت.