25 پرۆژە پاڵێوراون بۆ بەشداریکردن لە پرۆژەی گەشانەوە

کارگەیەکی پاڵێوراو لە پرۆژەی گەشانەوە
کارگەیەکی پاڵێوراو لە پرۆژەی گەشانەوە

K24 – هەولێر:

تا ئێستا 25 پرۆژە پاڵێوراون بۆ بەشداریکردن لە پرۆژەی گەشانەوە کە پرۆژەکان لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستانن و بەشێکی زۆری ئەو پرۆژانەی پاڵێوراون کارگە و کەرتی کشتوکاڵ و پرۆژەی دیکەن.

خاوەنی یەکێک لەو کارگانەی پاڵێوراوە بۆ پرۆژەی گەشانەوە رایدەگەیەنێت، پرۆژەی گەشانەوە زۆر گرنگە ئێستا لە کارگەکەی 10 هەلیکاری رەخساندووە بەشێوەی ناڕاستەوخۆش زیاتر لە 10 کەسی دیکە هەلیکاریان بۆ رەخساوە، بە پرۆژەی گەشانەوەش هەلیکار بۆ سێ هێندە زیاد دەکات.

لەلایەن خۆیەوە نەهرۆ جەوهەر: جێگری بەڕێوەبەری پرۆژەی گەشانەوە بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوەکرد، ئەمە قۆناغی تاقیکاریە و ئەگەر سەرکەوتوو بوو پرۆژەی گەشانەوە بەردەوام دەبێت.

عەلی تاهیر، دوای سووتانی کارگەکەی لە سەرەتاوە دەستیپێکردەوە، کە خاوەنی یەکێکە لە کارگەکانی بەرهەمهێنانی ئالیکە لە دەشتی شەمامکی پارێزگای هەولێر و پاڵێوراوە بۆ پرۆژەی گەشانەوە.

لەو کارگەیەدا رۆژانە ئالیک بۆ حەوت جۆر ئاژەڵ بەرهەم دەهێندرێت و بەشێک لە ئالیکەکە بۆ شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەنێردرێت.

بەگوێرەی ئامارەکانی پرۆژەی گەشانەوە،10  پرۆژە لە هەولێر پەسەندکراون و هەشت پرۆژە لە دهۆک و حەوت پرۆژەی دیکەش لە سلێمانی پەسەندکراون کە زۆرترینیان کارگەی بچووک و مام ناوەندن.

بەرپرسانی پرۆژەکە ئاماژە بەوەدەکەن، بە بەشداریکردنی ئەو پرۆژانە دەتوانن زیاتر لە ٢٠٠ هەلیکار زیاد بکەن و دوای هەڵسەنگاندنی ئەم قۆناغەش، ئەگەر سەرکەوتوو بێت پرۆژەی گەشانەوە فراوانتر دەکرێت.

پڕۆژەی گەشانەوە یەک لە هەنگاوە سەرەکیەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کە ئامانج لێی پێدانی قەرز بوو بەو پرۆژانەی لە کارکردن بەردەوامن و پلانیان هەیە پڕۆژەکانیان فراوان بکەن، بۆ قۆناغی تاقیکردنەوە چوار ملیار دینار دابینکراوە، ئەمەش لەپێناو پێشخستنی کەرتی ئابووری و رەخساندنی دەرفەت بۆ پرۆژە بچووکان و زیادکردنی هەلیکار.