هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق؛ شەرعییەت و بایکۆت لە ململانێی سەدر و ئیتارییەکان

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق

K24 – هەولێر:

رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی لە ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقدا، نوێترین ململانێی نێوان رەوتی سەدر و لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییە، موقتەدا سەدر داوای لە لایەنگرانی خۆی و دەنگدەران کردووە بەشداری پرۆسەی دەنگدان نەکەن، لایەنەکانی دیکەش لەپێناو شەرعیەتی هەڵبژاردنەکە داوای چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان دەکەن.

موقتەدا سەدر دوای کشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی لە دوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق 2021، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقیش کە ئەم مانگە ئەنجامدەدرێت، بڕیاریدا بەشداری نەکات، سەدرییەکان دەیانەوێت وەک چۆن لە خۆپیشاندانەکانی گۆڕەپانی تەحریر و ناوچەی سەوز باڵادەستی خۆیان نیشاندەدەن، ئەمجارە لە رێگەی بەرزی رێژەی بەشدارینەکردن لە دەنگدان، کاریگەری خۆیان لە پرۆسەی سیاسیی دووپاتبکەنەوە.

رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان

لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە لە ساڵی 2003، چەندین هەڵبژاردن و پرۆسەی دەنگدان لە عێراق بەڕێوەچووە، بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنیش، هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن؛ رێژەی بەشداری دەنگدەران لە هەڵبژاردن دابەزیوە.

لە هەڵبژاردنەکانی 2005، رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدان گەیشتە 80%، بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی 2010 و 2014ـی پەرلەمانی عێراق ئەم رێژەیە بۆ نزیکەی 60% دابەزی و لە هەڵبژاردنەکانی 2018ـش رێژەی دەنگدان گەیشتە 45% و لە دوایین هەڵبژاردنیش لە 2021، رێژەی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانی عێراق گەیشتە 40%.

هەرچی تایبەتیشە بە رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە لە 2009 و 2013 ئەنجامدرا، گەیشتە 50%ـی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبوو.

هەرچەندە بەشێک لە رێکخراوەکانی چاودێری هەڵبژاردن لە رابردوودا، رەخنەیان لە داتاکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گرتووە کە رێژەی بەشداریکردن لەو هەڵبژاردنانەدا هێندە نەبووە کە ئاشکراکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا، هیچ بەڵگەیەک لە دادگا پشتڕاستنەکرایەوە کە ببێتە هۆی رەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.

موقتەدا سەدر: بایکۆتی هەڵبژاردن بکەن

لە 13ـی تشرینی دووەمی 2023، موقتەدا سەدر لە پەیامێکدا، داوای لە لایەنگرانی کرد بایکۆتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بکەن و ئاماژەی بەوەکرد، "بەشدارینەکردنتان لە شەرعییەتی هەڵبژاردنەکە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات کەمدەکاتەوە".

ئەم هەڵبژاردنەش دەبێتە یەکەم هەڵبژاردن لە ماوەی 20 ساڵی رابردوو لە عێراقدا، کە رەوتی سەدر بایکۆتی بکات و بانگەشەی بەشدارینەکردن لە پرۆسەی دەنگدان لە لایەنگران و دەنگدەران بکات.

لە هەڵبژاردنەکانی 2021، رەوتی سەدر کە براوەی یەکەمی هێزە شیعییەکان بوو، نزیکەی 900 هەزار دەنگی بەدەستهێنا بە رێژەی 9%ـی دەنگەکان، هەرچەندە لە هەڵبژاردنی 2018، رەوتی سەدر زیاتر ملیۆنێک و 500 هەزار دەنگی بەدەستهێنابوو.

کشانەوەی سەدرییەکان دەرفەتە؟

بەشێک لە چاودێران ئاماژە بەوەدەکەن، بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لەلایەن سەدرییەکان بەوشێوە ئاشکرایە، دوای شکستی هەوڵە سیاسییەکان دێت بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکە، بەتایبەتی بەشێکی لایەنە سیاسییەکان لەپێناو بەشداریکردنی سەدرییەکان، ئامادەی دواخستنی هەڵبژاردن بوون، لە بەرامبەردا هەندێک لە لایەنەکان رژدبوون لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەتایبەتی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی.

جەختکردنەوەی لایەنەکان لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەتایبەتی لایەنە سەرەکییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کە بە ئیتارییەکان ناسراون، بەشدارینەکردنی سەدرییەکان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بە دەرفەت دەبینن، هاوشێوەی کشانەوەی لە پەرلەمانی عێراق بۆ زیاتر بەدەستهێنانی دەستکەوتی سیاسی و ئابووری، لە رێگەی پڕکردنەوەی پۆستە ئیدارییەکان لەسەر ئاستی پارێزگاکانیش، وەک ئەوەی لە پێکهێنانی کابینەکەی سوودانی نزیکەی 60 پۆستی سەدرییەکانیان پڕکردەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، بەشدارینەکردنی سەدرییەکان لەم هەڵبژاردنەدا دەرفەتی ئەوەش بۆ لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتی ئێستای عێراق زیاتر دەکات کە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق ئەنجام نەدەن و کابینەکەی سوودانی چوار ساڵی تەمەنی یاسایی خۆی تەواوبکات.

رێژەی دەنگدان و شەرعییەتی هەڵبژاردنەکان

لە رووی یاساییەوە، رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران لە هەڵبژاردنەکان لە عێراقدا هیچ پەیوەندییەکی بە پێدانی شەرعییەت و رەتکردنەوەی ئەنجامەکان نییە، ئەمەش لەبەرئەوەی هیچ ماددەیەکی دەستوور و بڕگەیەکی یاسایی نییە رێژەی دەنگدان دیاریبکات بۆ پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.

شارەزایانی دەستووریی و یاسایی ئەوەیان روونکردووەتەوە، بەهۆی نەبوونی هیچ دەقێکی دەستووریی و یاسایی بۆیە هیچ ئەگەرێک نییە کە هەڵبژاردنی حکومەتە خۆجێییەکان و هەڵبژاردنی پارێزگار لە ئەنجوومەنی پارێزگاکان بخاتە ژێر پرسیارەووە یان رەتیانبکاتەوە، بۆیە رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن هەرچەند بێت، ئەوا ئەنجوومەنی پارێزگاکانی و ئەو پاریزگارانەشی هەڵدەبژێردرێن لە ئەنجوومەنەکە، یاسایین و شەرعییەتی جێبەجێکردنی دەسەڵاتەکانیان هەیە.

لەبارەی هەڵوێستی نێودەوڵەتیش بۆ شەرعییەتدان بە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، چاودێران ئەوە بەدوور دەزانن، هیچ کاردانەوەیەکی نێودەوڵەتی لەوبارەیەوە هەبێت، لە کاتێکدا هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان، پرسێکی تایبەت بە کاروباری کارگێری و خزمەتگوزاری ناوخۆی پارێزگاکانە و پەیوەندی بە دۆسیەی دیپلۆماسییەوە نییە.

بایکۆتکردنی پێکهاتەیەک یان لایەنێکیش لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا، پێشهاتێکی نوێ نییە و هیچ کاریگەریشی لەسەر پەسەندکردنی و شەرعییەتپێدان بە ئەنجامەکان نەبووە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بۆ نموونە بایکۆتی سوننەکان لە هەڵبژاردنەکانی 2005 و بایکۆتی جەماوەری دانیشتووانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەهۆی ناڕەزایەتییەکان لە هەڵبژاردنەکانی 2021.

ناکۆکییەکانی پێش هەڵبژاردن

ململانێ و ناکۆکییە سیاسییەکان لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق بەرەو قۆناغی رووبەڕووبوونەوە دەچێت، لەماوەی رابردووش لە ئەنجامی وەڵامدانەوەی بەشێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ بانگەوازی سەدرییەکان بۆ بایکۆتی هەڵبژاردن، لایەنگرانی سەدر لە چەند پارێزگایەکی ناوەڕاست و باشووری عێراق هێرشیان کردە سەر بارەگاکانی رەوتی حیکمە بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم و حزبی دەعوە و دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی.

هەروەها بەهۆی پەلاماردانی بارەگاکان و شێواندنی پۆستەری کاندیدەکان، بە بڕیاری دادگا هەفتەی رابردوو لە بەغدا 12 کەس دەستگیرکران، هاوکات لە ماوەی رابردوو لە پارێزگاکانی دیکەش چەندین کەسی دیکە بەوهۆیەوە دەستگیرکراون.

بەشێک لە لایەنە شیعییەکان، بانگەوازی بایکۆتکردنی هەڵبژاردن لەلایەن سەدرییەکانەوە لە بەرژەوەندی سوننەکان دەزانن و بەو هۆیەشەوە، لە بانگەشەی هەڵبژاردن لەو پارێزگایانەی هەردوو پێکهاتەی سوننە و شیعەی لەخۆگرتووە، دەنگی پەیامی تائیفی زیاتر دەبیسترێت ئەمەش لەپێناو راکێشانی سۆز و دەنگی دەنگدەران بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان.

رووبەڕووبوونەوەکانی سەدرییەکان لەگەڵ لایەنگرانی مالیکی و حەکیم نوێ نییە و لە مانگی تەمموزی رابردوو، لایەنگرانی موقتەدا سەدر لە 10 پارێزگای ناوەڕاست و باشووری عێراق 18 نووسینگەی حزبی دەعوەیان داخست بەبیانووی بێڕێزیکردن بە ئیمام محەممەد سادق سەدری باوکی موقتەدا سەدر.

18ـی ئەم مانگە هەڵبژاردنە

بڕیارە لە 18ـی ئەم مانگە، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگەلە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت کە زیاتر لە 16 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی ده‌نگدان کە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه‌ ژماره‌یان 214 هەزار و 595 کارمەندە.

هەروەها کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندووە، شەش هەزار و 22 کاندید کێبڕکێ لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و لەمیانی پرۆسەی وردبینیکردن و بەدواداچوون، 357 کاندید لە کێبڕکێی هەڵبژاردن دوورخرانەوە ژمارەی هاوپەیمانییەکانیش 38 لیستە، لەگەڵ 163 پارت و کاندیدی سەربەخۆ، بەشێوەیەک چوار هەزار و 223 کاندید لە هاوپەیمانییەکان و هەزار و 729 کاندید لە پارتەکان و 70 کاندیدی سەربەخۆ پێکهاتوون.

لەبارەی کاندیدی پێکهاتەکانیش، 16 کاندید لە پێکهاتەی کریستیان و 13 کاندید لە پێکهاتەی کوردە فەیلییەکان و پێنج کاندیدی شەبەک و چوار کاندیدی ئێزدییەکان خۆیان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کاندید کردووە.

زیاتر بخوێنەوە:

کەرکووکییەکان بە هەڵبژاردن کۆتایی بە کاریگەرییەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر دەهێنن؟

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا: کورد هەوڵی بەدەستهێنانەوەی پۆستەکانی دەدات

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە دیالە و سەڵاحەددین؛ کورد شەڕی ناسنامە دەکات

سوننەکانی عێراق لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا بەسەر چوار بەرەدا دابەشدەبن 

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق.. شیعەکان لە گۆڕەپانی سوننەکان یاری دەکەن

لە ئامادەنەبوونی سەدر؛ لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی گرەوی بردنەوە لەگەڵ یەکتر دەکەن

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق؛ دژە ئیتارییەکانی لە بەرەیەکدا کۆنەکردەوە