"دەبێت هەولێر و بەغدا پاکتاوی دارایی ئەمساڵ ئەنجامبدەن"
K24 - بەغدا
مانگانە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ئەمساڵ، تریلیۆنێک 375 ملیار دینارە، بەڵام بەغدا هیچ مانگێک ئەم بڕە پارەیەی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە، بۆ یەکلایی کردنەوەی چارەنووسی سێ مووچەی کۆتایی ئەمساڵی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: دەبێت هەولێر و بەغدا پاکتاوی دارایی ئەمساڵ ئەنجامبدەن و حکومەتی عیراقیش بۆ سێ مانگی دیکە بڕی 700 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکان، حکومەتی عێراق دەیەوێت بیانووی دیکە بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەران دروست بکات و تەنها لەسەدا 60ی مووچەی مووچەخۆران بنێرێت، بەڵام ئەم پێشنیازە بەلای هەرێمی کوردستانەوە نایاساییە و بەگوێرەی یاسای بودجە یان دەبێت هەولێر و بەغدا پاکتاوی دارایی 12 مانگی ئەمساڵ بکەن، پاشان پشکی هەرێمی کوردستان بنێردرێت یان حکومەتی عیراق سێ پشکی دیکەی 700 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردستان24ی گوت: "دەبێت مانگانە حکومەتی عێراق تریلیۆنێک و 375 ملیار دینار وەک پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت، چونکە ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، بەڵام ئەو پارەی تائێستا بۆ هەرێم نێردراوە زۆر کەمە".
گوتیشی: "یان دەبێ پاکتاوی دارایی لەنێوان هەولێر و بەغدا ئەنجامبدرێت، یان دەبێ رێککەوتنێکی دیکە بکرێت و بۆ سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ بۆ هەر مانگێک 700 ملیار دیناری دیکە رەوانە بکرێت".
یەکێک لە پێشنیازەکانی دیکە، جیاکردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمە لە خەرجی راستەقینەی یاسای بودجە، بەڵام بەهۆی ئەوەی تائێستا سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵنەبژێردراوە و رێککەوتنێکی سیاسیش لەسەر هەمواری یاساکە نییە، پێشبینی ناكرێت ئەم بابەتە هەروا بە ئاسانی تێپەڕێندرێت.
محەمەد جاسم، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: "هەموارکردنی یاسای بودجە کارێکی زۆر سەختە و رەنگە رێککەوتنی پێویست بێت، ئەگەر پێویست بە هەموارکردنەوەش بکات پێویستە سەرەتا حکومەت بۆ پەرلەمانی بنێریت، پێشووتر شتی وا رووینەداوە و بابەتێکی سەختە".