شارەوانی هەڵەبجە 39 پارچە زەوی دەفرۆشێت
K24 – هەڵەبجە
شارەوانی هەڵەبجە لە زیاد کردنێکی ئاشکرادا 39 پارچه زەوی روکنی فرۆشت، کە سەرجەمیان بۆ خانوو گونجاون و رووبەرەکەیان تا 300 مەتر دەبێت، بڕیاریشە پارەی زەوییەکان بۆ پڕۆژە تەواونەکراوەکانی نێو شاری هەڵەبجە خەرج بكرێت.
ژمارەیەکی بەرچاو لە گەڕەك و کۆڵانەکانی هەڵەبجە بێ خزمەتگوزارین، قەیرانی دارایی و نەبوونی بودجەی تایبەت بە پارێزگاكە وایکردووە زۆرێک لە پڕۆژەکان بە تەواونەکراوی بمێننەوە و گرفت بۆ هاووڵاتییان دروست بكەن، بۆیە ئیدارەی شارەکە دەیەوێت بە پارەی زەوییە فرۆشراوەکان ئەو پڕۆژانە تەواو بکات.
فەرحان عیزەت، بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانی هەڵەبجە بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەو زەوییانە بەشێوەی زیادکردنی ئاشکرا و بە یاسای فرۆشراون، دواتر پارەی ئەو زەوییانە بۆ تەواوکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بێت".
گوتیشی: "بەشەکانی ژمێریاری و پلاندانان و هونەریمان هەیە، ئەوان بڕیار دەدەن پارەی زەوییەکان بۆ کام پڕۆژە بەکار دەهێنرێت".
بەگوێرەی یاسایی ژمارە 1ی ساڵی 2021، سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجە رێپێدراوە زەوییە روکنەکانی سەر بە شارەوانی بفرۆشیت و پارەکەی بۆ خزمەتگوزاری بەکار بهێنرێت، کە کۆمەڵێک پڕۆژەی خزمەتگوزاری تەواو نەکراو لەناو شارەکە هەن و بۆ تەواوکردنیان شارەوانی هەڵەبجە پێوستی بە چوار ملیار دینارە.