"ئەمشەو دوایین دەرفەتە لەبەردەم چاڤی"

چاڤی هێرناندێز راهێنه‌ری بارسێلۆنا
چاڤی هێرناندێز راهێنه‌ری بارسێلۆنا

چاوەڕێ دەکرێت یاریی بارسێلۆنا بەرامبەر ڤالێنسیا، کۆتا یاریی چاڤی بێت وەکو راهێنەری یانەکە، ئەگەر لەو یارییە تووشی دۆڕان بن، ئەویش بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی ئەم دواییەی یانەکە، گومانێکی زۆر لەناو کارگێری یانەکە لەسەر چارەنوسی راهێنەری یانەکەیان دروستکردووە. بلاوگرانا ئەمشەو کاتژمێر 11:00ـی شەو بە كاتی هەولێر لە گەڕی حەڤدەی لالیگا، رووبەڕووی ڤالێنسیا دەبێتەوە.
بە گوێرەی میدیایەكانی ئیسپانیا، خوان لاپۆرتا سەرۆكی یانەی بارسێلۆنا زۆر لە چاڤی هێرناندێز توڕەبووە، چاوەڕێ دەکرێت یاریی بارسێلۆنا بەرامبەر ڤالێنسیا، کۆتا یاریی چاڤی بێت وەکو راهێنەری یانەکە، ئەگەر لەو یارییە تووشی دۆڕان بن.
بارسێلۆنا لە دوو یاریی رابردوو لەلالیگا بەرامبەر جیرۆنا لە یاریگای خۆی و هەروەها لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر رۆیال ئانتوێرپ، تووشی دۆڕان بووە، هەر ئەمەش وایکردووە چارەنوسی چاڤی راهێنەری یانەکە، بکەوێتە مەترسی و کارگێری یانەکەش، ئەم یارییەی وەکو دوا دەرفەت بۆی دیاریکردووە.
رۆژنامەی سپۆرتی كەتەلۆنیا نووسیویەتی: لاپۆرتا لە چاڤی توڕەبووە، بەهۆی ئەوەی لە دوای شكستەكەی كلاسیكۆ دوو رۆژ پشووی بە یاریزانەكان داوە، جگە لەوەش بەرامبەر جیرۆنا پشووی بە چەند یاریزانێكی پێكهاتەی سەرەكی دابوو.
پێش یارییەەی ئەمشەو، چاڤی راهێنەری بارسێلۆنا، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا، ئەگەر لەم یارییە بدۆڕێت، ئامادەیە دەست لەکار بکێشێتەوە گووتی، نەخێر ئەو بڕوایەکی تەواوی بە پرۆژەی یانەکەی هەیە و دەیەوێت بەردەوام بێت.

چاڤی لەمبارەیەوە گوتی: ''من بە هیچ شێوەیەک بیر لە دەست لە کارکێشانەوە ناکەم، بڕوایەکی تەواوم بە پرۆژەی یانەکەم هەیە و دەمەوێت بەردەوام بم، دەمەوێت زۆر ئارامبم و متمانە بەدەست بێنم، هەروەها لەم کاتەدا، زیاتر لە هەموو کاتێک بڕوام بە پرۆژەی یانەکەم هەیە، ئێمە یەکگرتوین و دوێنی قسەم لەگەڵ دێکۆ، بەرێوەبەری وەرزشی یانەکەمان کرد و هەموو شتێک باشە''.
ئامارەکانی پێنج یاریی رابردووی نێوان هەردوو یانە، لە بەرژەوەندی بارسێلۆنا و چاڤیە، لەبەر ئەوەی لەو پێنج یارییە، یانەکەی هەرێمی کەتەلۆنیا، هەر هەموو یارییەکانی بردووەتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا بارسا هەرگیز نەیتوانیوە شەش یاریی لەسەر یەک، لە لالیگا لە ڤالێنسیا بباتەوە.
لەلایەکی دیکەوە چاڤی لە دوایین 16 یاریی لەگەڵ بارسێلۆنا، لە دەرەوەی یاریگای خۆی هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە. لەو 16 یارییە لە هەشت یاریی براوە بووە و لە هەشت یاریش بەرامبەر بووە، بۆیە راهێنەرەکەی بلاوگرانا، چانسێکی باشی هەیە، بۆ ئەوەی ئەو یارییەش بەبێ دۆڕان تێپەرێنێت.