پەرلەمان داوای "گەرەنتیی دووبارەنەبوونەوەی هەڵە تەکنییەکان" لە کۆمیسیۆن دەکات

پەرلەمانی عێراق
پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق داوا لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات "گەرەنتیی دووبارەنەبوونەوەی هەڵە تەکنییەکان"ـی رۆژی هەڵبژاردنی تایبەت لە رۆژی هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بدات.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 17-12-2023، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا "نیگەرانی قووڵ"ـی خۆی لە کێشە تەکنییەکانی رۆژی هەڵبژاردنی تایبەتی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە رۆژی شەممە، 16-12-2023 و "بەتایبەت رەوانەنەکردنی ئەنجامی دەنگدانی وێستگەکانی دەنگدان بۆ ناوەندەکانی هەژمارکردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بەبێ جیاکردنەوەی دەستیی دەنگەکان" دەربڕی.

سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، پەرۆشن بۆ ئەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەرکە دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێبکات "بەمەبەستی پاراستنی دەنگی دەنگدەران، مافی کاندیدان و دڵنیابوونەوە لە وردبینی و دووبارەنەبوونەوەی هەڵەکان لە کاتی دەنگدانی گشتی بەتایبەت کە ژمارەی بنکە و وێستگەکانی دەنگدان زۆر لە هەڵبژاردنی تایبەت زیاترن".

کۆمیسیۆن وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "پێویستە گەرەنتی تەواو بۆ دووبارەنەبوونەوەی هەڵە تەکنییەکان و سەلامەتی ئەو ئامێرانەی بەکاردەهێندرێن رابگەیەنێت، بەتایبەت کە یاسای هەڵبژاردنەکان کۆمیسیۆنی پابەندکردووە بە گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیاکانی پشکنینی سەربەخۆ و ئەنجامدانی تاقیکردنەوە بۆ دڵنیابوونەوە لە هەموو رێکارەکان و دابینکردنی گەرەنتی پێویست بۆ پارێزگاریکردن لەو سندووقانەی دەنگدان کە دەنێدرێن؛ بۆ ئەوەی دەستکاری لە ئەنجامەکان نەکرێت".

بەیانیی رۆژی شەممە، 17-12-2023، کاتژمێر 07:00ـی بەیانی، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 15 پارێزگای عێراق، ناوچە کوردستانییەکان و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و تا کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام بوو. كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق رایگەیاند، رێژه‌ی به‌شداریكردن له‌ ده‌نگدانی تایبه‌تی هه‌ڵبژاردنەکە زیاتر له‌ سه‌دا 67 بووه‌.

بەهۆی بوونی کێشەی تەکنیکی لە ئامێرەکانی دەنگدان، بەشێک لە داتای دەنگدانی تایبەت بۆ بنکەی سەرەکی لە بەغدا نەگواسترانەوە. هەر بەوهۆیەوە بەشێکی زۆری دەنگدەران لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان نەیاتوانی بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا بکەن. 

جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو کێشە تەکنیکییانەی دوێنێ شەممە، 16-12-2023 لە هەندێک ئامێری دەنگدان دروستبوو، کاریگەری ناکاتە سەر هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە سبەی دووشەممە، 18-12-2023 دەکرێت.

جومانە غەلای گوتی، "هەژمارکردن و جیاکردنەوەی شێوازی دەستیی دەنگی وێستگەکانی دەنگدانی هەڵبژاردنی تایبەت لەگەڵ هەڵبژاردنی گشتی دەکرێت، واتا دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە رۆژی 18-12-2023".