کۆمیسیۆن: دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنی گشتی جیاکردنەوەی دەستی دەنگەکان دەکرێت

کۆمیسیۆن دەڵێت دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنی گشتی جیاکردنەوەی دەستی دەنگەکان دەکرێت (وێنە: رێناس عەلی - کوردستان24)
کۆمیسیۆن دەڵێت دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنی گشتی جیاکردنەوەی دەستی دەنگەکان دەکرێت (وێنە: رێناس عەلی - کوردستان24)

K24 - هەولێر

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، هەژمارکردن و جیاکردنەوەی شێوازی دەستیی دەنگی وێستگەکانی دەنگدان دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی گشتیی دەستپێدەکات.

ئەمڕۆ یەكشەممە، 17-12-2023، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، "هەژمارکردن و جیاکردنەوەی شێوازی دەستیی دەنگی وێستگەکانی دەنگدانی هەڵبژاردنی تایبەت لەگەڵ هەڵبژاردنی گشتی دەکرێت، واتا دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە رۆژی 18-12-2023".

غەلای گوتی، "هەموو داتای دەنگدان، راپۆرتی ئەنجامەکان و وێنەی کارتی دەنگدانی دەنگدەران لەلایەن ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانەوە هەڵگیراون؛ ئامیرەکان قوفڵکراون و لە پێش چاوی بریکارانی حزب و لایەنە سیاسییەکان، میدیا ناوخۆ، چاودێرانی ناوخۆیی و بیانی، ئەوانەی ناویان لەلایەن کۆمیسیۆنەوە تۆمارکراون، دەکرێنەوە" واتا پڕۆسەی هەژمارکردنی دەستیی دەنگەکان لە پێش چاوی هەموواندا دەستپێدەکات.

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق جەختی کردەوە، ئەو کێشە تەکنیکییانەی دوێنێ شەممە، 16-12-2023 لە هەندێک ئامێری دەنگدان دروستبوو، کاریگەری ناکاتە سەر هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە سبەی دووشەممە، 18-12-2023 دەکرێت.

بە گوتەی جومانە غەلای، "سبەی حەوت هەزار و 766 بنکەی دەنگدان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، کاتژمێر 07:00ـی بەیانی بەرووی دەنگدەراندا دەکرێنەوە بۆ ئەوەی بەشداریی هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بکەن".

بەیانیی رۆژی شەممە کاتژمێر 07:00ـی بەیانی، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 15 پارێزگای عێراق، ناوچە کوردستانییەکان و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و تا کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام بوو. كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق رایگەیاند، رێژه‌ی به‌شداریكردن له‌ ده‌نگدانی تایبه‌تی هه‌ڵبژاردنەکە زیاتر له‌ سه‌دا 67 بووه‌.