چاڤی: هێشتا لالیگا لەژێر دەستی ئێمەدایە

چاڤی هێرناندێز راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا
چاڤی هێرناندێز راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا

لە گەڕی هەژدەیەمی لالیگا بارسێلۆنا سبەی شەو لە كاتژمێر 21:00 بە کاتی هەولێر میوانداریی ئەلمیریا خاوەنی پلەی کۆتایی ریزبەندی دەکات، بلاوگرانا دەرفەتی ئەوەی لە پێشە، سوود لە ئەنجامە خراپەکانی رکابەرەکەی ببینێت و جارێکی دیکە بردنەوە بەدەست بێنێت.
بارسێلۆنا لە کاتێکدا لە گەڕی هەژدەی لالیگا میوانداریی ئەلمیریا دەکات، سێ یارییە لەسەر یەک هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە، لە دوو یاریی رابردووی لالیگا، یارییەکی دۆڕاندووە و یارییەکیش یەکسانبووە، هەروەها لە چامپیۆنزلیگش دۆڕاوە.
چاڤی هێرناندێز راهێنەری بلاوگرانا لەژێر فشارێکی زۆردایە و دەنگۆیەکیش هەیە، ئەگەر لەم یارییە تیپەکەی نەتوانێت سێ خاڵی یارییەکە بباتەوە، رەنگە لە پۆستەکەی دوور بخرێتەوە. راهێنەرە کەتەلۆنیەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە، باسی لە بارودۆخی یانەکەی کرد و گوتی: هێشتا دەرفەتی باشمان بۆ بردنەوەی لالیگا ماوە.
چاڤی راهێنەری بارسێلۆنا لە بارەی یارییەكەی سبەی گوتی: ''یارییەکی گرینگمان لە پێشە، دوای سێ یاری بەبێ بردنەوە، لالیگا هێشتا لە دەستماندایە و چانسی بردنەوەیمان هەیە. دۆخی ئێمە لە خولەکەدا سەختە، بەڵام باوەڕم وایە دەتوانین بگەڕێینەوە سەر ئەنجامە باشەکان. سەبارەت بە کڕینی یاریزانێکی ناوەڕاست لە مانگی یەکدا، دەبێت بڵێم ئەگەر یاسای دارایی خاوێن ڕێگەمان پێبدات، بیر لەم بابەتە دەکەینەوە، هەرچەندە دۆزینەوەی یاریزانێکی وەک گاڤی ئاسان نییە".
پێدری ناوەڕاستکارە لاوەکەی بارسێلۆنا کە ئەم وەرزە چەند یارییەکی بەهۆی پێکان لەدەستداوە، لە دوایین یەکەی ئامادەکاری یانەکەی جارێکی دیکە تووشی پێکان بوو، بۆیە بۆ ئەم یارییە بانگهێشت نەکراوە، بڕیاریشە لە رۆژانی داهاتوو پشکنینی بۆ بکرێت.
بارسێلۆنا لە مێژووی لالیگا 19 یاریی بەرامبەر ئەلمیریا کردووە و تەنها یەک یاریی دۆڕاندووە، دۆڕانەکەشی یاریی وەرزی رابردوو بوو لە یاریگای ئەو یانەیە، لە بەرامبەردا 16 یاریی بردووەتەوە و هەرگیز لە یاریگای خۆی بەرامبەر ئەلمیریا نەدۆڕاوە.