یەکەم کاروانی سێوی بەرواری هەناردەی قەتەر کرا

یەکەم کاروانی سێوی بەرواری باڵای هەناردەی قەتەر کرا
یەکەم کاروانی سێوی بەرواری باڵای هەناردەی قەتەر کرا

K24 - هەولێر

یەکەم کاروانی سێوی دەڤەری بەرواری لە هەرێمی کوردستان هەناردەی وڵاتی قەتەر کرا. وەزیری کشتوکاڵیش دەڵێت، "پڕۆسەی هەناردەکردنەکە بەردەوام دەبێت". 

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 20-12-2023، یەکەم کاروانی سێوی دەڤەری بەرواری لە هەرێمی کوردستان کە لە پێنج تۆن پێکدێت، هەناردەی وڵاتی قەتەر کرا و پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەناردەکردنی سێوی بەرواری بۆ قەتەر دەستپێکێکە و پڕۆسەکە لە داهاتوودا بەردەوام دەبێت.

وەزیری کشتوکاڵ  و کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "کواڵێتی بەرهەم ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە".

بە گوتەی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، "کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی ستراتیژی بۆ ئەم هەنگاوانەی هەناردەکردنی بەرهەمە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان داڕشتووە".

بێگەرد تاڵەبانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، "پلانمان بۆ داهاتوو هەناردەکردنی بەرهەمی کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستانە".

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە، بۆ ئەوەی لە زۆربەی وڵاتان بازاڕ بۆ بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بدۆزێتەوە.

لە مانگی ئاداری ساڵی 2022 دەستپێشخەری هەناردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی کوردستان، لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، تیمێکی بەهێز لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەستان بە داڕشتنی نەخشەڕێگایەک بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی بەردەوام بۆ کەنداو، ئەمەش بووە هۆی یەکەم هەناردەکردنی هەنار لە کوردستان.

ئەمساڵ کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نەک هەر درێژەی بە هەناردەکردنی هەنارداوە، بەڵکو پڕۆژەی هەناردەکردنی فراوانتر کردووە، بەوەی پرۆژەکە بەرهەمی دیکەی وەک سێوی بەرواری و هەنگوینیشی گرتەوە، ئەم هەنگاوە جەخت لەسەر پابەندبوونی حکومەت دەکاتەوە بە هەمەچەشنکردنی سەرچاوەی داهات لە هەمانکاتدا خەت لەسەر بەردەوامی گەشەی ئابووری.

 

 

ئامانجی پڕۆژەکە:

هەمەچەشنکردنی ئابووری بەردەوام:

یەکەم هەناردەی سێوی بەرواری بۆ وڵاتانی کەنداو، هەنگاوێکی گرنگە کە بازاڕێکی فراوانتر بۆ بەروبوومی کشتوکاڵی کورستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆ.

هاندانی بەشداریکردنی کەرتی تایبەت:

هاندانی کەرتی تایبەت و کۆمپانیا ناوخۆییەکان بۆ بەشداریکردن لە دەستپێشخەری هەناردەکردن و بنیاتنانی زنجیرە بەهای پێویست بۆ هەناردەکردن.

پاڵپشتیکردنی جووتیاران:

هاندانی جووتیاران بۆ ئەوەی زیاتر پەرە بە کەرتی کشتوکاڵ بدەن هەروەها هاندانیان بۆ زیادکردنی رێژە و باشترکردنی کوالێتی بەرهەمەکانیان، لە هەمانکاتدا هاندانی جووتیاری نوێ بە مەبەستی بوژانەوەی کەرتی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستاندا، کە لەم پڕۆژەیەدا 10 جووتیار لە 7 کێڵگەدا بەشدارن.

دەستکەوتەکانی پڕۆژەکە:

خواستی بازاڕ:

دووبارە هەبوونی خواست لەسەر بەرهەمەکانی کوردستان لەلایەن بازاڕی کەنداوەوە بە تایبەتی هەناردەکردنی سێوی بەرواری ئەمساڵ بۆ یەکەمین جار بۆ وڵاتی قەتەر، دەرخەری ئەوەیە کە خواستێکی جیهانی هەیە لەسەر بەرووبوومی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان.

پرۆسەی هەناردەکردن بۆ دەرەوەی وڵات:

وەک یەکەم هەناردەکردن نزیکەی پێنج تۆن هەناردەی وڵاتی قەتەر دەکرێت، ئامانج ئەوەیە هەناردەکردنەکە بەردەوام دەبێت.

دۆزینەوەی بازاڕی ناوخۆ:

هەردوو کۆمپانیای کارفۆر لقی – عێراق و تەڵەبات مارت، نزیکەی دوو هەزار سێوی بەروارییان لە کۆمپانیای هەناردەکاری سێوی ئەمساڵ (کۆمپانیای کەی ئێچ) بۆ بازاڕی ناوخۆ کڕیووە.

سوودمەندبووانی پڕۆژەکە:

بەشداربووانی پڕۆژە جگە لە جووتیاران:

-لەم هەناردەکردنەدا لە تەواوی هەنگاوەکانی هەناردەکردن، کۆمەڵێک کۆمپانیای لۆکاڵی کەرتی تایبەت بەشدارییان لە پرۆسەکە کردووە، ئەمانەش کۆمپانیاکانی پاکێجیکردن و تاقیگەی پشکنین و چەندین کۆمپانیای تر.

-لەم دەستپێشخەرییە هەناردەکردنەدا، نزیکەی 600 هەلی کار بۆ کرێکاران رەخسا، لەگەڵ چەندین ئەندازیار و سەرپەرشتیارانی کشتوکاڵیش رۆڵێکی سەرەکیان گێڕا.

هەنگاوی داهاتوو:

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە هەماهەنگی لەگەڵ نووسینگەی سەرۆکوەزیران، هەوڵەکانیان بەردەوامە بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی تر لە هەرێمی کوردستان و دۆزینەوەی بازاڕی دەرەکی بە مەبەستی پاڵپشتی کردنی جووتیاران و هەمەچەشنکردنی ئابووری کوردستان.

 

Fly Erbil Advertisment