رووماڵ

دەنگی 120 سندووقی دەنگدان لە کەرکووک بە دەست هەژمار دەکرێنەوە

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ پێنجشەممە 21/12/2023، کارمەندانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان دەنگەکانی سندووقی دەنگدانی تایبەت بە دەست هەژمار دەکەنەوە.

پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک رایگەیاند، لە کەرکووک دەنگی 120 سندووقی دەنگدانی تایبەت بە دەست هەژمار دەکرێنەوە، کە 37 هەزار دەنگە.

لایەنە سیاسییەکان چاوەڕێن، دەنگەکانی دەنگدانی تایبەت هاوکێشەی کورسییەکان بگۆڕێت، نزیکەی 20 هەزار دەنگی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لەو سندووقانەی کەرکووک هەیە کە ئەمڕۆ بە دەست هەژمار دەکرێنەوە، بەمەش پێشبینی دەکرێت گۆڕانکاری لە ژمارەی کورسییەکان رووبدات.

چاودێری پارتی لە ناوەندی جیاکردنەوەی دەنگەکان، بە کوردستان24ی گوت: "هاتووین چاودێری دەنگەکانی کورد و پارتی بکەین، بۆ ئەوەی دەستکاری دەنگەکان نەکرێت، ئومێد دەکەین هیچ پێشێلکارییەک نەکرێت".

ئەو دەنگانەی دەنگدانی تایبەت کە ئەمڕۆ هەژمار دەکرێنەوە، دەبوایە بە سیستەمی ئەلیکیترۆنی هەژمار بکرێن، بەڵام بەهۆی کێشەی تەکنیکی لە سیستەمەکە نەتوانرا، داتاکان بە ئەلیکترۆنی دەنگەکان رەوانەی بەغدا بکرێن و هەژمار بکرێن.

چاودێرێکی دیکەی پارتی، دەڵێت: "هەوڵێک هەیە کورسییەکی ئێمە بدرێت بە لایەنێکی دیکە، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانمان لەو هەوڵە ئاگادار کردووەتەوە و رێگە نادەین دەستکاری دەنگەکانمان بکرێت، هیوادارین کۆمسیۆن بێ لایەنانە کاری خۆی بکات".