کۆمسیۆن: ژماردنەوەی دەنگەکانی تەواوی پارێزگاکان کۆتاییهات

K24 - هەولێر
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ژماردنەوەی دەستی دەنگەکان لە هەموو پارێزگاکان کۆتاییهاتووە.
کۆمسیۆن ئاشکراشی کرد، کە ژماردنەوەی دەستی دەنگەکان لەگەڵ ئەنجامە ئەلیکترۆنییەکان جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە، بۆیە کاریگەریی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکە دروست ناکات.
ئەمە لەکاتێکدایە لە ماوەکانی رابردوودا کۆمسیۆن ئاشکرای کردبوو، کە تەواوی سکاڵاکانی سەر هەڵبژاردنی تایبەت و گشتی یەکلایی کراونەتەوەو بڕیارە بەمنزیکانە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک و پارێزگاکانی عێراق رابگەیەنرێت.
دوێنێ چەند کاندیدێک و بەشێک لە دەنگدەران لە بەغدا دژی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داواییان لە کۆمسیۆن کرد، جارێکی دیکە وردبینی لە دەنگی سندووقەکان بکات.
رۆژی 18/12/2023، دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەڕێوەچوو، بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمسیۆن، رێژەی بەشداریی دەنگدەران لە هەڵبژاردنەکە سەدا 41 بووە، زۆرترین رێژەی بەشداریی دەنگدەران لە پارێزگای کەرکووک (سەدا 66) و کەمترینیشی لە پارێزگای بەغدا/ رەسافە (سەدا 21) بووە.