واشنتن رێگە بە تورکیا دەدات فڕۆکەی جەنگیی F16 بەدەستبخات

جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و رەجەب تەیب ئەردوگان سەرۆکی تورکیا
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و رەجەب تەیب ئەردوگان سەرۆکی تورکیا

K24 – هەولێر :

واشنتن ئاماژەی رەزامەندی دەداتە تورکیا بۆ دەستخستنی فڕۆکەی جەنگیی F16 ی نوێ، لەگەڵ کەرەستەکانی نوێکردنەوەی فڕۆکە کۆنەکانی، ئەوەش دوای کۆبوونەوەی لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی تورکیا، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی داوای سوێد بۆ بوون بە ئەندام لە هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی( ناتۆ).

پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا(پێنتاگۆن) رایگەیاند: تورکیا بەدەستخستنی فڕۆکە جەنگیەکانی F16، وای لێدەکات توانا سەربازییەکانی بەرزبکاتەوە لەگەڵ ناتۆ.

ئەمڕۆ دوو شەممە ( 25-ی کانوونی یەکەمی 2023) رۆژنامەی حوریەتی تورکی بڵاوی کردۆتەوە، بە بەرزکردنەوەی توانا سەربازییەکانی تورکیا، وای لێدێت بتوانێ لە حاڵەتی پێویستدا لەگەڵ ناتۆ بەشداریی چاڵاکییەکان بکات.

رۆژنامەکە بڵاوی کردۆتەوە، واشنتن چاوەڕێی پەسەندکردنی بڕیاری ئەندامبوونی سوێد بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ، لە پەرلەمانی تورکیا دەکات پێش ئەوەی رێککەوتنی فڕۆکەکانی F16 واژوو بکەن، بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپیش رایگەیاند: واشنتن ئومێدی ئەوە دەخوازێت پەرلەمانی تورکیا داواکەی سوێد پەسەند بکات، چونکە ئەوە لە کارە هەرە لە پێشینەکانی ئەمریکایە.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، یەک لە بژاردەکان ئەوەیە وەزارەتی دەرەوە کۆنگرێس راسپێرێت، لە ماوەی 30 رۆژدا فڕۆکەی جەنگی F16 رادەستی تورکیا بکرێت دوای ئەوەی لە پەرلەمانی وڵاتەکە، داوای سوێد پەسند بکرێت بۆ بە ئەندام بوون لە ناتۆ.