نەوزاد پۆڵس : نازانین چارەنووسی گیلیانە چییە و هێشتا بەدوایدا دەگەڕێن

K24 - هەولێر :
ئایڤڵ گیلیانەی کریستیانی عەنکاوە، لە رۆژی شەممەی رابردوو لە کاتی سەوڵ لێدان بە بەلەمەکەی لە دەریاچەیەکی ویلایەتی فلۆریدا، ون دەبێت و تا ئێستا شوێنەواری نەدۆزراوەتەوە، لە رۆژی یەکشەممە رابردووەوە 9 ئاژانسی بەدواگەڕان لە هەوڵی دۆزینەوەی گلیانە سڵیان کردۆتەوە و بێ ئومێد بوون.
نەوزاد پۆڵس خاڵی گیلیانە بە کوردستان 24 ی راگەیاند: ئایڤڵ ئەفرام گیلیانا، یەکەمی کۆلیژی پەروەردەی وەرزشیی زانکۆی سەڵاحەدین و دامەزرێنەر و یەکەم سەرۆکی یانەی وەرزش و لاوانی عەنکاوە، لە ئەمریکا زیاتر گرنگیی بە وەرزشی مەلاوانیی داوە لەبەر ئەوەی پسپۆریی خۆی بووە و ماستەری لەو بوارەدا هەیە، دەشڵێت: لە ئەمریکا گیلیانە بۆتە بەرێوەبەری پەروەردەی جەستەیی بۆ خانەنشین و بەساڵاچوان، لەگەل ئەوەی گروپێکیان هەیە نزیکە 50 کەسن لە کەنارەکانی فلۆریدا ، خاڵی گیلیانە دەڵێت: رۆژی شەممەی رابردوو گیلیانە لە کەنارەکەی فلۆریدا خەریکی راهێنان بووە ئەو کاتەی شەپۆلی توند و بەهێز هەبووە، پێدەچێت گلیانەش ئامادەیی خۆی بۆ ئەوە وەرنەگرتووە، هەر لەبەر ئەوەش خۆی ون بووە، بەڵام دوو لە هاوڕێ ئەمریکیەکەی رزگاریان بووە کە لەگەڵیدا بوون.
نەوزاد پۆڵس دەڵێ: گیلیانا چارەنووسی بزرە ، ئێستا گەڕان بۆ دۆزینەوەی بەردەوامە، لە عەنکاوە و لە ئەمریکاش لە شوێنی رووداوەکە، نزا بۆ چارەنووسی گیلیانا کرا، دەشڵێت: هەمووان بڕیانداوە لە هەوڵدان بەردەوام بن بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی، هیوای ئەوە هەیە کە لە ژیاندا مابێت و نزا بۆ ئەوە دەکەین، چونکە خاوەنی سێ منداڵە، هێشتا بڕیارمان نەداوە چۆن هەڵسوکەت بکەین، چونکە بەرچاومان لە چارەنووسی گیلیانە روون نیە.
ئاژانسەکانی هەواڵ لە ئەمریکا بڵاویان کردەوە، هەرچەندە لایەنە فەرمییەکانی ئەمریکا لە گەڕان بەدوای چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە سڵیان کردەوە کە بەڕەچەڵەک عێراقییە و دانیشتووی قەزای عەنکاوەیە، بەڵام دۆست و خزمەکانی بەردەوام بەدوایدا دەگەڕێن .
هاوڕێکانی ئیفێل گیلیانا کە ڕۆژی شەممە ( 23- ی کانوونی یەکەمی 2023)، لە کەناری ڤیلانۆ بێسەروشوێن بووە، بەردەوامن لە گەڕان بەدوای هاوڕێکەیان، سەرەڕای ئەوەی پاسەوانانی کەنار دەریا شەوی یەکشەممە گەڕانەکانیان وەستاند.