لە سەدا 65ـی کارەکانی بەنداوی گۆمەسپان تەواو بوونە

بەنداوی گۆمەسپان
بەنداوی گۆمەسپان

K24 – هەولێر:

بەنداوی گۆمەسپان یەکێکە لە گەورەترین بەنداوەکان کە ئێستا کارکردن تێیدا لە قۆناغەکانی کۆتایداییە، کە 65%ـی کارەکانی تەواو بووە بڕیاروایە لە ماوەی هەشت مانگی داھاتوودا تەواوبکرێت.

عبدوڵڵا گەردی، به‌رێوه‌به‌ری کۆمپانیای جێبەجێکار بە کوردستان24ـی گوت: لەکاتی هاوین بە تایبەتی کاتێک کە هەولێر کێشەی کەمئاوی هەیە، ئەم بەنداوە دەتوانێت هاوکاری ئەو چوار بۆری ئیفرازە بێت کە بۆ ناو شاری هەولێر دەچێت، هەروەها دەتوانێت 16 هەزار دۆنم زەوی نزیکی خۆی بەراو بکات، کە ئەمەش سوودێکی زۆری هەیە بۆ جووتیارانی ناوچەکە.

تێچوونی دروستکردنی بەنداوی گۆمەسپان 95 ملیار دینارە، بەرزییەکەی 70 مەتر و درێژییەکەشی 512 مەترە و، دەتوانێت 115 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی باراناو کۆ بکاتەوە، ھەروەھا یەکەمجارە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراق، کۆنکرێتی جۆری ئارسیسی لە پرۆژەی دروستکردنی بەنداوەكەدا بەکار دەھێنرێت.

بەنداوی گۆمەسپان بە تەواوبوونی، دەبێتە سێیەم گەورەترین بەنداو لە ھەرێمی کوردستان و رووبەرەکەی شەش ملیۆن 125 ھەزار مەتر دووجا دەبێت.

شەو و رۆژ کار لە پڕۆژەی دروستکردنی ئەم بەنداوە دەکرێت كە چاوەڕوان دەكرێت لە پاراستنی سامانی ئاو و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی و بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵیدا رۆڵی ھەبێت، ھەروەھا دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگی دابینکردنی ئاوی پاک بۆ ھەولێر،  کەرتی گەشتیاریی ناوچەکەش دەبووژێنێتەوە.

نزیکەی 90%ـی کارمەند و کرێکارانی کە  پڕۆژەی بەنداوی گۆمەسپان کاردەکەن ناوخۆیین، هەروەها هەشت مانگی دیکە بەنداوەکە تەواو دەبێت  و قۆناغ بە قۆناغ ئاوی تیادا گلدەدرێتەوە.

Fly Erbil Advertisment