بەدرەدین یوسف: رۆژ نا رۆژێک چوار تەن تەماتە لێدەکەینەوە

K24 – هەولێر :
وەبەرهێنەر و خاوەن پرۆژەیەکی کشتوکاڵی لە هەولێر دەڵێت، هەر کەسێک دەتوانێت پرۆژەیەکی وەبەرهێنان جێبەجێبکات بە پارەیەکی کەم و لەنێو ماڵەکەی خۆیدا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ( 28-ی کانوونی یەکەمی 2023)،بەدرەدین یوسف وەبەرهێنەر و خاوەنی عەلوەی هاوچەرخی هەولێر بە کوردستان24-ی راگەیاند: تەماتە لەنێو گرین هاوسی هایدرۆپۆنیک بە باشترین شێوە بەرهەمدەهێندرێت ، کەشوهەوایەکی هاوینە لەنێو گرین هاوسەکە دروستدەکەین کە بتوانین لە وەرزی زستاندا تەماتە بەرهەمبێنین، دەشڵێت: لە هەفتەی یەکەم چوار تەن تەماتە لێدەکەینەوە، هەفتەی دووەم، دوو چوار تەنی لێدەکەینەوە، دواتر رۆژێک نا رۆژێک لێی دەکەینەوە.
ئەو وەبەرهێنەرە ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر رۆژ بە دەرەوە بێت، دەتوانن رۆژ نا رۆژێک سێ تەن تەماتە بەرهەم بێنن، چونکە گرین هاوسەکە ئەو کەشە دروستدەکات کە بۆ تەماتەکە باشە، باینجانێکی زەردیشیان بەرهەمهێناوە تامی مزرە و بازاڕی باشی ساغکردنەوەی هەیە.
بەدرەدین یوسف لە تەماتە ئۆرگانیکەکە خەرجییەکی زیاتر دەدات، بەڵام بۆ ئەو کاتە تەماتە بەرهەمدەهێنێت کە تەماتە لە بازاڕدا نییە، بۆیە نرخی تەماتەکە بەرزە، وەک خۆی باسیکرد، تەماتەی زەرد کیلۆی سێ هەزار دینارە، تەماتەی گەورەش هەزار و 500 دینارە نرخەکەی.
وەک وەبەرهێنەرێک و شارەزایەک، بەدرەدین یوسف تیشک دەخاتە سەر ئەوەی، دەتوانرێت هەموو بەرهەمێک لەنێو گرین هاوس بەرهەمبهێنرێت بەو کەشوهەوایەی کە بۆی دروستدەکرێت، دەڵێت: ئەمساڵ کارمان بۆ تەماتە و گوڵی رۆس کردووە، لە مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو لە رۆژی ڤاڵانتایندا ، گوڵی رۆس لە بازاڕدا دابەشدەکەین، لەگەڵ ئەوەشدا شتڵ بەرهەمدێنین و دابەشی بازاڕی دەکەین و دەیدەینە جووتیارەکان بە کوالێتی باش.
بۆ ئەوەی ئومێدێک بداتە ئەوانەی خواستی کارکردنیان هەیە لەو بوارەدا، بەدرەدین یوسف ئاشکرایکرد، دەکرێ هەر کەسێک بە پارەیەکی کەم پرۆژەیەکی وا جێبەجێ بکات، بەتایبەتیش لەنێو ماڵەکەی خۆیان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28-12-2023، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەمڕۆ نزیکەی چوار تۆن تەماتەی خۆماڵی ئۆرگانی لە پڕۆژەی پێشکەوتووی هایدرۆپۆنیکی ساباتی هەولێر لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی عەلوەی هاوچەرخی هەولێر، بە کواڵێتی و تامێکی زۆر جیاواز خراوەتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان.
