چوارقوڕنە شوێنگرەوەی مەحمود مەجیدی دیاریكرد

یانەی چوارقوڕنە بۆ یاریی داهاتووی بەرامبەر زاخۆ ئەركی راهێنەرایەتی یانەكەی رادەستی ئەحمەد عەلی یاریدەدەری راهێنەر كردووە.
هەكاری داود سەرپەرشتیاری تۆپی پێی یانەی چوارقوڕنە لە لێدوانێكدا بۆ كوردستان24 رایگەیاند كە مەحمود مەجیدی راهێنەریان بەبڕیارێكی كەسی و تایبەتی خۆی یانەكەی جێهێشتووە، دەشڵێت: ئەحمەد عەلی كوڕی شارەكە بۆ یاریی داهاتوومان بەرامبەر زاخۆ دەبێتە راهێنەری یانەكە و شوێنی مەحمود مەجید دەگرێتەوە.
هەكاری داود لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بۆ كوردستان24 رایگەیاند مەحمود مەجید لە یانەی چوراقوڕنە زۆر دڵخۆش و ئاسوودە بوو، بەڵام ئۆفەرێكی گرانبەهای لە خولی عێراقەوە پێگەیشتووە و بەبێ گەڕانەوە بۆ بڕیاری دەستەی كارگێری، لە پێناو بژێوی ژیانی خۆی روویكردە خولی عێراقی.
هەكاری گوتیشی: بەداخەوە هیچ پەیوەندییەك لە نێوان یەكێتی تۆپی پێی كوردستان و عێراق نییە، هیچ یاسایەك ناتوانێت حەق بە یانەكانی كوردستان بدات كە تاكلایەنانە گرێبەست لەگەڵ راهێنەر و یاریزانانی خولەكانی كوردستان نەكەن، ئێمە بووینە قوربانی نەبوونی یاسا كە نەمانتوانی رێگری لە رۆیشتنی مەحمود مەجید بكەین.
یانەی چوارقوڕنە ئەم وەرزە لە خولی نایابی كوردستان لەژێر سەرپەرشتی مەحمود مەجید لە كۆی 12 یاری، 5 بردنەوە، 5 بەرامبەربوون و 2 شكستی هەیە و بە كۆكردنەوەی 20 خاڵ پلەی دووەمی ریزبەندی گرتووە.
چوارقوڕنە سبەی یەكشەممە یەكەمین یاریی لەژێر سەرپەرشتی ئەحمەد عەلی راهێنەری نوێی بەرامبەر زاخۆ دەكات، ئەگەر ئەنجامەكانی باش بێت رەنگە بەشێوەیەكی هەمیشەیی لە پۆستەكەی بمێنێتەوە.
