دیارترین گۆڕانکارییە ئابوورییەکانی ساڵی 2023 لەسەر ئاستی جیهان

K24 – هەولێر:
جیهان لە ماوەی 2023 کۆمەڵێک گۆڕانکاریی بەسەردا هات، فشارەکانی هەڵئاوسان و بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی سەرەکی جیهان کە قەیرانی بانکی دروست کرد، هەڵچوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رووسیا و ئۆکرانیا لە کاریگەرترین گۆرانکارییەکان بوون. ئێمە هەوڵدەدەین بەشێکیان بخەینە بەرباس:
بەرزی هەڵئاوسان و زیادکردنی رێژەی سوودی بانکی
یەکێک لە گۆڕانکارییە دیار و کاریگەرەکانی جیهان لە ساڵی 2023 پرسی بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵئاوسان بوو، هەرچەندە دوای کۆرۆنا دەستیپێکرد، لە 2023 جێی سەرەنج مایەوە، بانکە ناوەندییە گەورەکانی جیهان بۆ رووبەرووبوونەوەی بەرزترین رێژەی هەڵئاوسانی وڵاتەکانیان لە ماوەی چوار دەیەی رابردوو بەردەوام بووون لە بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی بۆ ئاستێکی مێژوویی.
زیادکردنی رێژەی سوود، فشاری بەرزبوونەوەی نرخەکانی سست کرد، بەڵام رێژەی هەڵئاوسان بۆ ئامانجی سەرەکی بانکە ناوەندییە گەورەکانی جیهان دانەبەزی. لەلایەکی دیکەوە، هەرچەندە ئامانجی بانکە ناوەندییەکان سنوردارکردنی هەڵئاوسان بوو، بەڵام لێکەوتەی دیکەی هەبوو، سستبوونی گەشەی ئابووری و زیادبوونی تێچووی قەرزی بۆ بازرگان و تاکەکان بەدوا هات. پچڕانی زنجیرەکانی دابینکردن کە بووە هۆی کەمیی کەرەستە و کاڵاکان و بەرزبوونەوەی تێچووی هاوردەکردن و گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکان و ناسەقامگیری بازاڕەکان، رێژەی هەڵئاوسان لە زۆربەی وڵاتانی تازەپێگەیشتووەکان بە بەرزی هێشتەوە.
بانکە ناوەندییەکانی جیهان بەردەوام دەبن لە بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی؟
هەرچەندە بانکە ناوەندییەکانی جیهان بە تایبەت یەدەکی فیدراڵی ئەمەریکا رێژەی سوودی بانکی گەیاندووەتە مەودای 5.25-550 ئەمەش بەرزترین ئاستە لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەی رابردوو. هێشتا، رێژەی هەڵئاوسان بۆ ئامانجی ئەمەریکا کە دوو لە سەتایە دانەبەزیووە، بەڵام لە دواین کۆبوونەوەی سیاسەتی نەختی ئەمەریکا ئاماژەی دایە بازاڕەکان کە رەنگە کۆتایی بە بەرزکردنەوەی بەردەوامی رێژەی سوودی بانکی بهێنێت و لە نیوەی یەکەمی 2024 و لە مانگی سێ دەستبکات بە کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی.
رێژەی سوودی بانکی ئەمەریکا بۆ گرنگە؟
شتێکی ئاشکرایە، پشکی شێر لە پارەدانی بازڕگانی نێودەوڵەتی بەر دۆلار دەکەوێت و رۆڵێکی گرنگی لە پارەدارکردنی بازڕگانی نێودەوڵەتی هەیە، کاتێک رێژەی سوود بەرز دەکرێتەوە وا دەکات بەهای دۆلار لای وەبەرهێنەران سەرنجراکیشتر بکات، بەمەش بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و دابەزینی دراوەکانی دیکەی لێدەکەوێتەوە، وڵاتان کاتێک کاڵایەک هاوردەی ناوخۆ دەکەن پێویستیان بە دۆلارە بۆ ئەو مەرامە و توانای ئەو ولاتانە بۆ هاوردەکردن کەمدەکاتەوە. هاوکات، نرخی نەوت بە دۆلار مامەڵەیان پێوە دەکرێت، توێژینەوەکان ئاشکرای دەکەن بەهای دۆلار بە سەتا دوو کاریگەری لەسەر هەڵپەز و دابەزی نرخی نەوت هەیە و کاتێک رێژەی سوود بەرز دەکرێتەوە وا دەکات نرخی نەوت دابەزێت و بەکاربردنی نەوتیش لە پیشەسازییە جیاوازەکان سست بکات، بۆ نرخی زێڕیش گرنگە و دابەزاندنی رێژەی سوود نرخی زێڕ بەرز دەکاتەوە.
قەیرانی بانکی ئەمەریکا
"لە بازاڕی داراییدا دەترێت، کاتێک یەدەکی فیدراڵی ئەمەریکا رێژەی سوود بەرز دەکاتەوە، بەردەوام دەبێت تاکوو شتێک دەشکێت، بەڵێ شکا!"
هەموو شتێک لە مانگی سێ دەستی پێکرد، جیاواز لە قەیرانی ساڵانی رابردوو، زەنگی قەیرانی بانکی هۆشداری دایە سەرتاپای جیهانی دارایی. بانکە ئەمریکییەکان لە دوای قەیرانی دارایی 2008 لە چارەکی یەکەمی 2023 تووشی گەورەترین شۆک هاتن، چونکە یەدەکی فیراڵی ئەمەریکا کاتێک بەردەوام بوو لە بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی و بە گشتی توندکردنی سیاسەتی دراوی گوشاری بۆ سەر کەرتی بانکی هێنا.
لە رێزبەندی 20 گەورەترین بانکی بازرگانی ئەمەریکا، بانکی سیلیکۆن ڤالی (SVB) مایەپووچبوونی خۆی راگەیاند. بەهای قەواڵە حکومییەکانی ئەمەریکا کە بانکەکە بە پارەی وەبەرهێنەران دەیکڕی لەگەڵ بەرزبوونەوەی رێژەی سوود بەهاکانیان دابەزی، بەڵام بەرێوەبەرایەتی بانکەکە تا کار لە کار ترازا درکی بە ترسناکی بابەتەکە نەکرد و، هەوڵیدا بە فرۆشتنی بەشێک لە قەواڵەکان بە زەرەر، نەختینەیی بانکەکە بەرز بکاتەوە، بەڵام نەیتوانی ترسی وەبەرهێنەران کەم بکاتەوە، لە کۆتاییدا دەرچوونی سەرمایەی بانکەکەی بەدوا هات و بووە ئیفلاسی بانکەکە.
پاش داڕمانی سیلیکۆن ڤالی، وەبەرهێنەران ترسیان لەوە هەبوو قەیرانە بگاتە بانکەکانی دیکە. چەندین بانکی دیکە داڕمان، لە نێویاندا: سیگنەچەر، فێرست ریپەبڵیک. کاردانەوەکان بۆ کیشوەری ئەوروپا درێژبووەوە، لە ئەنجامدا بە کەمتر لە دە رۆژ دوای مایەپووچبوونی سیلیکۆن ڤالی کرێدیت سویس تووشی گرفت هات، پشکەکانی بانکە سویسرییەکە دابەزینی بەخۆیەوە بینی، پتر لە سەتا 30ی بەهاکەی لە 15ی مانگی سێی 2023 لە دەستدا، گەورەترین دابەزینی یەک رۆژەی لە مێژووی بانکەکە تۆمارکرا و دوای چوار رۆژ فرۆشتنی بانکەکەی لێکەوتەوە و بانکی کرێدیت سویس بە بە بڕی 3 ملیار فرەنکی سویسری (3.2 ملیار دۆلاری ئەمریکی) بە رکابەرەکەی، بانکی یو بی ئێسی سویسری فرۆشرا.
دوای نیوەی یەکەمی 2023 سیستەمی بانکی تا ڕادەیەک سەقامگیر بوو و شکستێکی گەورەی بانکی رووینەدا، هەرچەندە یەدەکی فیدراڵی ئەمەریکا ئاماژەی داوەتە بازاڕەکان بە بەرزنەکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی دابەزاندنی لە ساڵانی داهاتوو، بەڵام هێشتا رێژەی سوودی بانکی ئەمەریکا و ئەوروپا و بەریتانیا لە ئاستێکی بەرزدا ماوەتەوە و گوشارەکانیان بۆ سەر بازرگانی و کەرتە جیاوازەکان بەردەوامە.
ناسەقامگیریی نرخی زێڕ و نەوت لە بازاڕەکانی جیهان
هەر یەکە لە نرخەکانی زێڕ و نەوت لە بازاڕەکانی دونیا هەڵبەز و دابەزێکی زۆریان تۆمارکرد. نرخی زێڕ سوودی بینی لە گرژی و ئاڵۆزییەکان و قەیرانی بانکی و ترسی بازاڕەکان سەرباری بەهێزی دۆلار گەیشتە نرخێکی نوێ، پێچەوانەی زێڕ نرخی نەوت نەیتوانی لە پاڵ ناسەقامگیرییەکان رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بەرز بێتەوە و بەراورد بە 2022 دابەزی.
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ نرخێکی پێوانەیی نوێ
هەرچەندە، گەنجینەی فیدراڵی ئەمەریکا بەردەوام بوو لە بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی کە دەتوانێت تێچووی هەڵگرتنی زێڕ بەرز بکاتەوە، بە درێژایی ساڵی 2023 زنجیرەیەک رووداو جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کرد سەرەڕای بەرزبوونەوەی دەسهاتی سەر قەواڵەکانی ئەمەریکا و بەهێزی دۆلاری ئەمریکی وای کرد خواست لەسەر پەناگەی سەلامەت بەرز بکاتەوە و سەرنجڕاکێشیی زێڕی زیاد کرد و بەرزبووەوە، لە هەموویان جێی بایەختر قەیرانی بانکەکانی ئەمەریکا و گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکان بوو.
هۆکارەکان وای کرد، لە سەرەتای مانگی دیسێمبەری 2023 نرخی زێڕ نرخێکی پێوانەیی نوێ بەخۆیەوە ببینێت، بە جۆرێک نرخی هەر ئۆنسێک گەیشتە ئاستەکانی دوو هەزار و 150 دۆلار، هەرچەندە هەر زوو دەستکەوتەکانی کەمکردەووە و پتر لە سەت دۆلار لە نرخەکەی دابەزی بەڵام توانی لە سەرووی دوو هەزار دۆلار تا کۆتاییەکانی 2023 سەقامگیر بێت، لە کاتێکدا لە دەستپێکی ساڵ بە ئاستەکانی هەزار و 850 دۆلار مامەڵەی پێوە کرا.
رەوتی بەرزبوونەوەی زێڕ بەردەوام دەبێت؟
ئاماژەکانی یەدەکی فیدراڵی سەبارەت بە کەمکردنەوەی رێژەی سوو، ئەم جۆرە سیاسەتە لە بازاڕێکی ئاسایی کاریگەری ئەرێنی لەسەر نرخی زێڕ هەبووە و وەبەرهێنەری بۆ خۆی هێناوە. هەرچەندە، بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ لە ساڵانی داهاتوو بەندە بە بە مەترسییە جیۆپۆلیتیکییەکان و خواستی بەهێزی بانکە ناوەندییەکان، دابەزینی پێگەی دۆلاری ئەمەریکی وەک دراوێکی یەدەککراوی سەرەکی بازاڕەکانی نیگەرانییەکان کردووە و هۆکارەکەشی دەگەڕێنەوە بۆ سیاسەتەکانی ئەمەریکا، بە تایبەت تێوەگلانی لە ناکۆکییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست، لە هەمان کاتدا خراپی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەشێك لە وڵاتانی دیکە و پشتیوانیە بەردەوامییەکانی بۆ ئۆکرانیا، بەشداربووە لە لاوازبوونی متمانە بە دۆلاری ئەمەریکی.
بە جیا، هەم نیگەرانییەکان سەبارەت بە توانای ئەمەریکا لە جیىەجێکردنی بەرپرسیارێتییە داراییەکانی بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی مەترسییەکانی نەدانەوەی قەرزەکانی ئەمەریکا، بە گوێرەی دواین زانیارییەکان قەرزە گشتییەکانی ئەو وڵاتە 33 تریلیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە، دەتوانێت زێڕ بەرز بکاتەوە.
ئەگەر ناسەقامگیرییە جیۆپۆلەتیکەکان بەردەوام بێت، گومان بۆ بازاڕی پشکەکان بێت و مەترسی پاشەکشەی ئابووری دووبارە بەرزبێتەوە، تەنانەت ئەگەر دەسهاتی قەواڵەکانیش بەرزبێتەوە و دۆلاریش بگاتە لوتکە، نرخی زێڕ پێشبینی دەکرێت بەرز بکاتەوە. ئێستا، چاوەڕوانییەکان بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕە بۆ ئاستەکانی 2500 دۆلار، لە ئامانجێکی مامناوەند. بەگشتی، وا دەردەکەوێت ئاراستەی نرخی زێڕ ساڵی 2024 بەرەو سەرەوە بێت، پێشبینی دەکرێت نرخی زێڕ زیاتر بەرزبێتەوە و ئەگەری نزیکبوونەوەی زێڕ لە ئاستی 2500 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک پیشبینی بازاڕەکانە. لە روانینی شیکاری تەکنیکییەوە، هێشتا نرخی زێڕ بە بەهێزی دەردەکەوێت و، ناوچەی داهاتووی بەرگری بۆ نرخی زێڕ ٢٢٠٠ دۆلار دەبێت.
دابەزینی نرخی نەوت
ئەگەر چی ململانێی و ناکۆکییەکان ئەمساڵ بە بەراورد بە 2022 زیاتر بوون، شەڕ و ململانێکانی روسیا و ئۆکرانیا بۆ بازاڕی وزە بەس نەبوو، گرژییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرەی سەند و شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسی لە هەر چەندە هیچ لە لایەنەکان بەهەمهێنەری نەوت نین، بەڵام ترسی بازاڕەکانی لە تەشەنەسەندنی شەڕ بۆ ناوچەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت، کاریگەری لەسەر نرخی نەوت دروست کرد. لەگەڵ ئەوەشدا، هەر چەندە، لە کۆتایی سێپتێمبەری 2023 نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە نزیکەی 98 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، نرخی نەوت لە چارەکی چوارەم دابەزی. ئەمەش بەهۆی ترسی وەبەرهێنەران لە سەرڕێژی خستنەڕووی نەوتی خاو بە تایبەت لەلایەن ئەمەریکا و سستبوونی گەشەی ئابووری جیهان. نرخی نەوت کەوتە ژێر گوشاری بەهێزبوونی بەهای دۆلار و بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتانی دەرەوەی رێکخراوی ئۆپێک، تەنانەت لە کاتێک خواستی جیهان بۆ نەوتی خاو گەیشتووەتە بەرزترین ئاست و لە 2023 و بڕی 100 ملیۆن بەرمیل نەوتی تێپەڕاند.
پێشبینی نرخی نەوت:
لە راپرسییەکدا، لە نێوان 30 ئابووریناس و شرۆڤەکاردا ئەنجامدراوە، پێشبینی دەکەن نرخی نەوتی خاوی برێنت لە ساڵی 2024 بە تێگڕا بە 84 دۆلار و 43 سەنت مامەڵەی پێوە بکرێت. ئەم خەمڵاندنە سەرەڕای پێشبینی گەشەی خواستە لەلایەن ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە بە 1.1 ملیۆن بەرمیل و ئۆپێک بە 2.25 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بۆ هەمان ماوەی دیاری کراو.
نادڵنیایی و گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکان
شەڕی ئۆکرانیا و رووسیا کە لە سەرەتای 2022 دەستیپێکرد بەردەوام بوو و دڵەراوکێی زیاتری بۆ جیهان هێنا ئاسایشی خۆراکی جیهانی خستە مەترسییەوە، نیگەرنییەکان زیاتر بوون کاتێک لە مانگی ئۆکتۆبەر حەماس و ئیسرائیل چوونە نێو قۆناغێکی نوێی ململانێکانیان، نادڵنیایی ئابووری جیهانی لە ساڵی 2023 زیادکرد، ئەمەش بووە هۆی ترسی وەبەرهێنەران و کاریگەری کردە سەر بازاڕە جیاوازەکان، پێشبینیکردنی ئابووری سەخت کرد.
شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کەشێکی نادڵنیایی و ترسی بازڕگانی دروست کرد
سەرەڕای ئەوەی هێشتا بازاڕەکان ترسییان لە فراوان بوونی شەڕی حەماس و ئیسرائیل هەیە بۆ ناوچەکانی دیکە، حووسییەکانی یەمەن بە پاساوی پاڵپشتی بۆ حەماس لە دەریایی سوور و گەرووی بابوولمەندەب بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر کەشتییە بازڕگانییەکان و جووڵەی بازرگانی. رێرەوە ئاوییەکە بۆ بازاڕکان گرنگە چوونکە نزیکەی یەک لەسەر سێی کۆنتێنەرەکانی جیهانی پێتێپەڕدەبێت کە دەکاتە ساڵانە 19 هەزار کەشتی و سەتا 12ی بازڕگانی جیهان و، سەتا 9ی نەوتی جیهان، سەرەڕای ئەوەی چەندین کاڵای دیکەی جیهان لە رێگەوەی دەچێتە بازارەکانی جیهان، ئەم کەشە وای کرد ژمارەیەک کۆمپانیای کەشتیوانی، ڕاگرتنی کاتی کارەکانیان لە دەریای سوور رابگەیەنن.
بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوەی کەشتیوانی
نرخی گواستنەوەی دەریایی لە دوای سەرهەڵدانی ناکۆکی و هەڕەشەکان بەرزبووەتەوە. زانیارییەکان، دەریانخستووە کە پێوەرەکانی گواستنەوەی کەشتیوانی لە سەرەتای مانگی نۆڤەمبەرەوە بە 18% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 1660 دۆلار بۆ کۆنتێنەرێکی 40 پێی، لەکاتێکدا تێچووی گواستنەوەی ئەو کۆنتێنەرە لە بەندەری شەنگەهای چینەوە بۆ هۆڵەندا بە 59% بەرزبووەتەوە و 1667 دۆلاری تۆمارکردووە . بە هەمان شێوە تێچووی ناردنی کۆنتێنەرێکی ٤٠ پێی لە بەندەری شەنگەهایەوە بۆ لە ئیتاڵیا لە سەرەتای مانگی نۆڤەمبەرەوە بە 44% زیادی کردووە و گەیشتووەتە 1956 دۆلار. هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کەشتییەکان ناچار دەبن رێگەیەکی دیکە ببڕن خواروویی ئەفریقا هەڵبژێرن بەمەش مەودای گەشتەکەیان 10 بۆ 14 رۆژ زیاد دەکات.
پیشبینی دەکرێت، گرژی و ناکۆکییە لە نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، ئیسرائیل و حەماس بەردەوام بێت بەمەش ساڵێکی دیکەی ناکۆکی و ململانێ چاوەڕێی بازاڕە داراییەکان دەکات.
بەرزبونەوەی رۆڵی زیرەکی دەستکرد
ساڵی 2023 ساڵێکی گرنگ بوو بۆ زیرەکی دەستکرد، پێشکەوتنی بەرچاو لە بوارە جیاوازەکانی بەخۆیەوە بینی و گەیشتە هەموو گۆشەکانی ژیانمان. بیهێنە بەرچاوت وێنەیەک کە ناتوانی بە خەیاڵیش بیکێشیت تەنها بە پێدانی چەند وشەیەک لەسەر وێنەی ناو بیرکردنەوەکانمان زیرەکی دەستکرد بۆت دەکات بە وێنە لە ماوەیەکی کەمدا و تەنانەت دەتوانیت ئەنیمەیشنی سەرسوڕهێنەری لە رێگەیەوە دروست بکەیت.
لەگەڵ زیرەکی دەستکرد، دەتوانیت گفتوگۆ بکەیت بە ئاسانی وڵامی هەر پرسیارێکت دەردرێتەوە.هاوکات، لە بواری تەندروستی پێشکەوتنێکی بەرچاو بەدی هات لە دۆزینەوە و چارەسەری نەخۆشییەکان، لە بواری پەروەردەیی گەشەی بینی. بە گشتی سەرجەم بوارەکانی گرتەوە بە تایبەت لە کۆدکردن کە دەتوانیت بۆ هەوڵی داهێنەرانە بەکاربهێنیت. یەکێک لە پێشکەوتنەکانی زیرەکی دەستکرد، چوونە نێو ئەپە بەناو بانگەکانی جیهان بوو، بە گەشتی لە سەرجەم بوارەکانی ژیان زیرەکی دەستکرد رەنگی دایەوە و پێشکەوتن بەدی هات.
بەگشتی، پێشکەوتنی ئەم بوارە دەتوانێت ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنان و گەشەی ئابووری لە بە ئۆتۆماتیکرکردنی ئەرکەکان، بەرێوەبردنێکی چالاکتر و بڕیاردانی باشتر و دروستکردنی پیشەسازی نوێ و، ساڵانی داهاتوو گۆڕانکاریی و پیشکەوتنی دیکەی زیرەکی دەستکرد بەدی دێت بە تایبەت لە کاتێکدا زیرەکی دەسستکرد هەمیشە بە بەکارهێنانی داتا و زانیارییە کۆنەکان داتای نوێ دروست دەکات.
کشانەوەی رووسیا لە رێککەوتنی دانەوێڵەی دەریای رەش
ململانێی رووسیا و ئۆکرانیا لە دەستپێکی 2022 مەترسی ئاسایشی خۆراکی لێکەوتەوە و داخستنی بەندەرەکانی دەریای ڕەشی هەردوو وڵاتی بەدوا هات و هەناردەی بەرهەمی دانەوێڵەی ئۆکرانیا بۆ بازاڕەکانی جیهان وەستا و بەرزبوونەوەی نرخی گەنمی لە بازاڕەکانی جیهان لێکەوتەوە چونکە ، ئۆکرانیا و رووسیا هەناردەکاری سەرەکی دانەوێڵە و گەمارۆدانی بەندەرەکانیان بووە هۆی پەکخستنی دابینکردنی خۆراکی جیهانی. بەر لە دەستپێکردنی ململانێکان ئۆکرانیا ساڵانە نزیکەی 25 بۆ 30 تۆن گەنمەشامی و 16 بۆ 21 ملیۆن تۆن گەنمی هەناردە دەکرد و زۆربەشی لە رێگەی دەریای ڕەشەوە بووە.
لە درێژەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی دانەوێڵە، لە (22ی تەمموزی 2022) رێککەوتنی رووسیا و ئۆکرانیا بە چاودێری تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئیستانبوڵ واژوو كرا و بەمەش پرۆسەی گواستنەوەی دانەوێڵە دەستیپێکردەووە.
دەستپێشخەری دانەوێڵەی دەریای ڕەش بەشداری کرد لە دابەزینی نرخی گەنم لە جیهان، چونکە نیگەرانییەکانی لەبارەی قەیرانی خۆراکی جیهانی کە بەهۆی شەڕەوە دروستبووە کەمکردەوە و یارمەتییەکی زۆر پێویستی بۆ وڵاتانی هاوردەکردنی خۆراک دابینکرد. بە گوێرەی ئامارەکان، ئۆکرانیا توانی 32 ملیۆن و 900 هەزار تۆن بەرهەمی کشتوکاڵی هەناردە بکات کە 16.9 ملیۆن تۆن گەنمەشامی و 8.9 ملیۆن تۆن گەنمی پێکهێنا و بەشداریەکی گرینگ و بوو بۆ کەمکردنەوەی نیگەرانییەکانی نرخی خۆراک.
لە 2023 جارێکی دیکە نیگەرانییەکان دەستیپێکردەوە، رێککەوتنی سەرەتایی بۆ ماوەی 120 ڕۆژ بوو، لە نۆڤێمبەری 2022 بە هەندێک دەستکاری نوێکرایەوە، بەڵام دواجار لە تەمموزی 2023 کۆتایی بە رێککەوتنی دەستپێشخەری دانەوێڵەی دەریای ڕەش هات و رووسیا لە رێککەوتنەکە کشایەوە و جارێکی دیکەوە مەترسییەکان لەسەر نرخی خۆراکی لێککەوتەوە.
بۆچی رووسیا لە رێککەوتنەکە کشایەوە؟
رووسیا بەر لە کشانەوەی لە رێککەوتنەکە چەندین جار رایگەیاند بەڵێنەکان جێبجێنەکراون و هیچ هۆکارێک نابینێت بۆ درێژکردنەوەی رێککەوتنەکە. داواکارییەکانی رووسیا بریتی بوون لە هەڵگرتنی سزاکانی سەر سەروەت و سامانە بلۆککراوەکانی و بەستنەوەی بانکی کشتوکاڵی رووسیا بە سیستەمی پارەدانی سویفت، هاوکات رووسیا ئۆکرینیای بەوە تاوانبار کرد کە بەندەرەکان بۆ جەنگ بەکاردەهێنێت.
کۆتایی
لەگەڵ ئەو رووداو و گۆرانکارییانە ساڵی 2023 چەندین گۆرانکاریی دیکەی بەخۆیەوە بینی، بە تایبەت نیگەرانییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە کاتێکدا کە تەنیا دیاردەیەکی ساڵی 2023 نییە، رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا لە چەند مانگی ڕابردوودا خێراتر بووو. ئەمەش بووە هۆی زیادبوونی وەبەرهێنان لە سەرچاوەی وزەی نوێبووەوە، هاوکات لوتكهی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رووبەڕووبونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کۆپ28 لە 30ــی نۆڤێمبەر دەستیپێكرد و 13ی دێسێمبەر کۆتایی هات. ههر یهك له نێچیرڤان بارزانی، سهرۆكی ههرێمی كوردستان و مهسرور بارزانی، سهرۆكوهزیرانی ههرێمی كوردستان به فهرمی بهشدارییان تێدا كرد. ئامانجی کۆنفرانسەکە کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بوو. لە دوواین رۆژ وڵاتان و كۆمپانیا بهشداربووهكان هاوڕا بوون لهسهر دهستبهرداربوون له بهكارهێنانی سهرچاوهكانی وزهی بەردین، بەمەش یەکەم رێککەوتنی لەو جۆرە بوو لە مێژووی 30 ساڵەی کۆنفرانسەکە، دیاردەکە بەردەمە و بۆ ساڵانی داهاتوو باس و خواسێکی زیاتری نێوان وڵاتان دەبێت.