حەوت کارگەی بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوون لە هەرێمی کوردستان هەن
K24 – هەولێر:
ماوەی چەند ساڵێکە هەرێمی کوردستان بووەتە ناوەندێکی گونجاوی بەرهەمهێنانی زەیتوون و دروستکردنی زەیتی زەیتوون، لەو چوارچێوەیەشدا، بە سەدان جووتیار زەوییەکانیان بە زەیتوون چاندووە، بەرهەمی زەیتوونەکە لە حەوت کارگەی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەکرێتە زەیتوون و لە بازاڕەکاندا ساغ دەکرێتەوە.
شاکر محەممەد، باخەوان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، خاکی کوردستان خاکێکە لە ئاڵتوون، خاکێکی زۆر لەبارە بۆ چاندنی دار زەیتوون، ئێمە بەهۆی بەپیتی خاکەکەمان و بوونی ژمارەیەک زۆر لە دار زەیتوون، ساڵانە پێویستمان بەوە نییە زەیتی زەیتوون لە دەرەوەی وڵات بۆمان هاوردە بکرێت، بەڵکو ئێمە لە ئێستادا دەتوانین هەزاران تۆن زەیتی زەیتوون هەناردەی دەرەوە بکەین.
لە هەرێمی کوردستان حەوت کارگەی زەیتی زەیتوون هەن، لەمبارەیەوە سلێمان شێخۆ، خاوەنی کارگەیەك دەڵێت: "دەتوانین بۆ ناوخۆ و دەرەوەش بەرهەمی زەیتی زەیتوون دابین بکەین، کە ئەمەش سوودێکی باشی دەبێت بۆ جووتیاران، هیوادارم چاندنی دار زەیتوون زیادبکرێتن و پەرەی پێبدرێت، بەهۆی ئەوەی زەیتوون قازانجێکی ماددی زۆری هەیە".
گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و پاڵپشتی جووتیاران و هەناردەکردنی بەرهەمی ناوخۆیی لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەریمی کوردستانە و حکومەت بە جیددی کاری بۆ دەکات، هەروەها ساڵانە نزیکەی 110 تۆن زەیتی زەیتوون لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێت، کە ئەمەش رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی هەناردەی دەرەوەی هەرێمیش بکرێت.