له ههڵهبجه سایلۆیەک و 10 کۆگا بۆ بەرهەمی جووتیاران دروستدهكرێن

K24 – هەڵەبجە:
لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی بازرگانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست بە دروستکردنی سایلۆیەک و 10 کۆگا بۆ پارێزگای هەڵەبجە کراوە، تائیستا هەڵەبجە هیچ سایلۆیەکی نەبوو بۆ عەمبارکردنی گەنم، بە دروستکردنی ئەم سایلۆیە گرفتی هەڵگرتنی گەنم چارەسەردەبێت.
ساڵانە رووبەری 60 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم و جۆ لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە دادەچێندرێت، بەرهەمی ساڵانەشی دەگاتە زیاتر له 40 هەزار تۆن.
لەلایەن خۆیەوە، ستار مەحموود، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەڵەبجە بۆ کوردستان24، دروستکردنی سایلۆ و کۆگاکان بەگرنگ دەزانێت و ئاماژەی بەوەکرد دەتوانین گەنم بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لەو سایلۆیەدا هەڵبگرین.
رووبەری سایلۆکە و هەر 10 کۆگاکە 52 دۆنم زەوییە و بە گوژمەی 27 ملیار و 500 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی بازرگانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وابڕیاریشە لەماوەی دووساڵدا تەواو بکرێت.