پزیشکەکانی کەرتی غەززە هۆشداری دەدەن
کەرتی تەندروستی غەززە بە دۆخێکی کارەساتباردا تێدەپەڕێت
K24 - غەززە
پزیشکەکانی کەرتی غەززە هۆشداری دەدەن، ئەگەر بارودۆخ بەمشێوەیە بەردەوام بێت، کارەساتێکی مرۆیی روودەدات و منداڵێکی زۆر تووشی هەوکردنی سییەکان و نەخۆشییەکانی پێست دەبن.
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستی جیهانیی، نزیکەی 180 هەزار کەس لە غەززە بەدەست هەوکردنی کۆئەندامی هەناسەدان دەناڵێنن و نیوە ئەو ژمارەیەش منداڵانی خوار تەمەنی پێنج ساڵین.
سوهام قەدیح، یەکێکە لەو هاووڵاتییانەی کەرتی غەززە کە بەهۆی شەڕەوە ئاوارە بووە و ئێستا کچەکەی تووشی نەخۆشی بووە، ئەو دەڵێت: "پزیشکەکان پێیان گوتم، بەهۆی پیسی ژینگە و ئاوهەواوە، کچەکەت تووشی هەوکردنێکی توندی سییەکان بووە، ئێستاش ئێمە کەوتووینەتە سەر شەقام و هیچ پاکوخاوێنی و پارێزگارییەک بۆ منداڵەکانمان نییە، کچەکەم تەمەنی 40 رۆژە و هێشتا کوتانەکانی مانگانەی وەرنەگرتووە".
بەهۆی زۆری ژمارەی ئاوارەی ناو کەمپەکان، و سەرما و بڵاوبوونەوەی پەتا و نەخۆشی، دەیان هەزار منداڵی دیکەی غەززە تووشی هەوکردنی سییەکان و ریخۆڵە دەبن.
ئوسامە هەمس، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی کوەیت لە کەرتی غەززە بە کوردستان24ی گوت: "رۆژانە هەزاران منداڵ سەردانمان دەکەن، بەتایبەتی ئەو منداڵانەی تووشی هەوکردنی سییەکان و ریخۆڵە بوون، هۆکاری سەرەکی ئەم نەخۆشیانەش زۆری ژمارەی خەڵک و دانیشتنە لە یەک شوێندا، ئەگەر منداڵێک تووش ببێت هەموو منداڵەکانی دیکەش تووش دەکەن، ئەمەش بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتا و ئەنفلەوەنزایە لەم وەرزەدا".
بەپێی ئاماری رێکخراوی تەندروستی جیهانیی، نزیکەی 180 هەزار کەس لە غەززە بەدەست هەوکردنی کۆئەندامی هەناسەدان دەناڵێنن و نیوە ئەو ژمارەیەش منداڵانی خوار تەمەنی پێنج ساڵانن.