کۆمیسیۆن رەوانەکردنی 294 تانە بۆ دەستەی دادوەری رادەگەیەنێت

کۆمیسیۆن رەوانەکردنی 294 تانە بۆ دەستەی دادوەری رادەگەیەنێت
کۆمیسیۆن رەوانەکردنی 294 تانە بۆ دەستەی دادوەری رادەگەیەنێت

K24 - هەولێر

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رەوانەکردنی 294 تانە بۆ دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنی کۆمیسیۆن رادەگەیەنیت. دەستەکە لەمڕۆوە ماوەی 10 رۆژی لەبەردەستدایە تاوەکو وەڵامی تانەکان بداتەوە.  

ئەمڕۆ چوارشەممە، 03-01-2024، عەلی فەیسەڵ، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، لە کۆی 329 تانە، 294ـیان رەوانەی دەستەی دادوەری هەڵبژاردن کردووە.

بە گوتەی ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن، هەموو ئەو تانانەی ماونەتەوە، ئەمڕۆ وردبینی و لێکۆڵینەیان لێ دەکرێت و دواتر رەوانەی دەستەی دادوەری دەکرێن بەمەبەستی بڕیاردان. گوتیشی، "24 کاتژمێر کار دەکەین بۆ تەواوکردنی تانەکان و ویستوومانە دڵنیابینەوە لەوەی وەڵامی تانەکان لەگەڵ لایەنە یاسایی و تەکنییەکان بگونجێن".

رۆژی هەینی 29-12-2023 دەرگای وەگرتنی تانەکان لە دژی ئەنجامی هەڵبژاردنی گشتیی و تایبەتی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد و پڕۆسەکە تا رۆژی یەکشەممە، 31-12-2023،  بەردەوام بوو. لەو ماوەیەدا، 329 تانە لەلایەن قەوارە و لایەنە سیاسییەکانەوە لە دژی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکە تۆمارکران، کە زۆرترینیان لە بەغدا بوون.

دوای ئەوەی سەرجەم تانەکان ئەمڕۆ چوارشەممە رەوانەی دەستی دادوەریی هەڵبژاردن دەکرێن؛ بە پێی بڕگەى سێی ماددەى 20ـی یاسای کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق؛ دەبێت دەستەى دادوەریى لە ماوەى 10 رۆژدا وەڵامى تانەکان بداتەوە. دواتریش ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی تانەکان رادەگەیەنێت.

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی یەکشەممە، 31-12-2023، کۆمەڵە (وەجبە)ـی یەکەمی تانەکانی قەوارە و لایەنە سیاسییەکان لە دژ بە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، رەوانەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنی کۆمیسیۆن کرا.

رۆژی پێنجشەممە، 28-12-2023، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامەکانی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقی راگەیاند. بە گوێرەی ئەنجامەکان، لە بەغدا هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا؛ لە بەسرا هاوپەیمانی تەسمیم؛ لە دیالە هاوپەیمانی دیالەتونا؛ لە سەڵاحەددین جەماهیری نیشتمانی و لە ئەنبار هاوپەیمانی تەقەدووم زۆترین ژمارەی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە.

ژمارەی کورسی حزبە کوردییەکانیش لەو پارێزگایانەی کورسییان بەدەستهێناوە، بەم شێوەیەیە:

 

پارێزگا پارت و هاوپەیمانی سیاسی - ژمارەی کورسی
کەرکووک

 - پارتی: 2 کورسی

 - هاوپەیمانی کەرکووک هێز و ئیرادەمانە (یەکێتی لەنێویدایە): 5 کورسی

نــــەینەوا

 - پارتی: 4 کورسی

 - یەکێتی: 2 کورسی

دیــــالـــە

 - یەکێتی: 1 کورسی

 

سەر لە بەیانیی رۆژی  شەممە، 16-12-2023، هەڵبژاردنی تایبەت و رۆژی دووشەممەش، 18-12-2023، هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 15 پارێزگای عێراق، ناوچە کوردستانییەکان و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و، تا کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام بوو.

دوانیوەڕۆی رۆژی سێشەممە، 19-12-2023، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماری کۆتایی بەشداریی دەنگدەران لە هەردوو هەڵبژاردنی تایبەت و گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقی بڵاوکردەوە. بە گوێرەی ئامارەکان، رێژەی بەشداریی دەنگدەران لە هەڵبژاردنەکە سەدا 41 بووە؛ زۆرترین رێژەی بەشداریی دەنگدەران لە پارێزگای کەرکووک (سەدا 66) و کەمترینیشی لە پارێزگای بەغدا/ رەسافە (سەدا 21) بووە.