فوئاد حوسێن له‌گه‌ڵ ئه‌مینداری یه‌كگرتوو تاوتوێی دووباره‌ دابه‌شكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كان ده‌كات

یه‌كگرتوو: باشترین بژارده‌ رێككه‌وتنێكی نوێیه‌

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/33fbbbaa-0f7f-45f0-83e3-d42858871517/yakgrtw%20lagal%20dabashkrndawai%20postakana.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

فوئاد حوسێن، نوێنەری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکان لەگەڵ ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە ھەولێر کۆبووەوە، کۆمەڵێك پێشنیاز و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی لایەنەکان لە تەوەرە گرنگەکانی کۆبوونەوەکە بوو، ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکگرتووش بۆ دەرباز بوون لەم دۆخەی ئێستا دابەشکردنەوەی پۆستەکان بە باشترین بژاردە دەزانێت. 

دووەم جارە فوئاد حوسێن وەکو نوێنەری سەرۆکی ھەرێم دێتە ئەم بارەگایە، ھەردووك جارەکەش ئەمینداری نوێی یەکگرتوو پێشوازی لێکردووە، ئەمجارە بە پێشنیارێك ھاتووە کە باس لە دووبارە دابەشکردنەوەی پۆستەکانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان دەکات، یەکگرتووی ئیسلامیش رێککەوتنی تازە و دووبارە دابەشکردنەوەی پۆستەکان بە باشترین بژاردە دەزانێت.

پێکھێنانی دەستەیەکی سەرۆکایەتی نوێ بۆ پەرلەمانی کوردستان بێ پارتی و یەکێتی و گۆڕان پرسی رۆژەڤە، لە ھەمانکاتیشدا پێشنیاوی نوێی نوێنەری بارزانییە بۆ لایەنەکان، دوای ئەم سێ لایەنەش یەکگرتووی ئیسلامی بە گوێره‌ی سەنگ و قورسایی کورسییەکانی باڵادەستترین ھێز لەناو پەرلەمانی کوردستان دەمێنێتەوە، ئەوان دەڵێن ئەگەر لایەنەکان لەسەر ئەوە رێککەوتن پۆستەکان دابەشبکرێنەوە، ئامادەن پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وەربگرن.

دوای یەکگرتووی ئیسلامی فواد حوسێن نوێنەری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، سەردانی سلێمانی دەکات و بڕیار وایە سێ شەممەی داھاتوو چاوی بە رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بکەوێت و دواتریش لەگەڵ یەکێتی کۆببێتەوە، ئامانجیش وەرگرتنەوەی وەڵامی پێشنیارەکانی کۆبوونەوەکانی پێشوویەتی کە ئاراستەی ئەو دوو لایەنەی کردبوو.