هەورامان عەلی: دەنووسم بۆ ئەوەی خۆم لە پیسییەکانی ژیان پاک بکەمەوە و ژەنگ هەڵنەهێنم
K24 – هەولێر:
شاعیر و نووسەرێکی کورد دەڵێت: دەنووسم بۆ ئەوەی لەپۆخڵەواتییەکانی ژیان خۆم پاک بکەمەوە و ژەنگ هەڵنەهێنم، یان هەر هیچ نەبێت، بۆ ئەوەی بتوانم دوای ژیانئاوایی لەڕێی تێکستەکانمەوە بکەومە یادی هاوڕێ و ئازیزانم.
هەورامان عەلی، شاعیر و نووسەر، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کوردستان24، باسی دونیای نووسین و تازەترین دیوانی شیعری خۆی دەکات.
کوردستان24: باسێکی بەرهەمە شیعرییەکانت بکە؟
هەورامان عەلی: ئاشنابوونم به دنیای شیعر دهگهڕێتهوە بۆ ناوەڕاستی نەوەدەکان و هەتا ئێستاش بەردەوامم و تێکەڵم لەگەڵ ئەو دنیا جوانەدا، من خاوهنی دوو نامیلكهی شیعریم، شیعرەکانیش بهناوهكانی، بهرسیلله ساڵی 2004 و شاری یاری ساڵی 2008، هەروەها له زۆربهی رۆژنامه و گۆڤارهكاندا شیعرم بڵاوكردووهتهوه و وەرگری چەند خەڵاتێکی ئەدەبیم لەبواری شیعردا، بەپێی ئەوەی شیعرەکانم لیرکین، بۆیە زۆربەی هونەرمەندان کاریان لەسەر تێکستەکانم کردووە، هونەرمەندانی وەکو؛ نەجمەددین غوڵامی، دیاری قەرەداغی، میکایل، حەمە رەئوف کەرکووکی، کەمال محەممەد، کامەران عومەر، زاهیر جلال، لوقمان سەلیم، کاروانی نەی، ئاریان کەریم، گۆران نوری، شاخەوان هەڵەبجەیی، هەڵوێست محەممەد، ئاڵا عومەر ، دەریا خالید، ئاڤان عوسمان، تارا رەسوڵ و چەند هونەرمەندێکی تری بواری گۆرانی و موزیکی کوردی.
گوتیشی: پرۆژهی ئێستایشم دیوانێکی شیعریه بهناوی "دیوانی دیار هەڵەبجەیی" کە سەرجەم شیعرەکانمی لەخۆ گرتووە و بەسوپاسەوە دۆستانی هەڵەبجە ئەرکی لە چاپدانیان گرتووەتە ئەستۆ.
کوردستان24: بۆچی دەنووسیت؟
هەورامان عەلی: بۆ ئەوەی لەپۆخڵەواتییەکانی ژیان خۆم پاک بکەمەوە و ژەنگ هەڵنەهێنم، یان هەر هیچ نەبێت، بۆ ئەوەی بتوانم دوای ژیانئاوایی لەڕێی تێکستەکانمەوە بکەومە یادی هاوڕێ و ئازیزانم.
کوردستان24: حەز دەکەیت چی نازناوێکت پێ ببەخشن؟
هەورامان عەلی: جگە لە هەندێک شاعیر کە تەنیا ناوی خۆی و باوکێتی، هەر شاعیرە و هەڵگری نازناوێکە، من بۆخۆم دایکی رەحمەتیم نازناوی (هەڵەبجەیی) پێخۆش بوو بۆیە ئەو ناوەی پێ بەخشیم، خۆ ئەگەر مەبەستیشتان هەندێک نازناوی قەبەی وەک ئیمپراتۆر یان مامۆستا یان پاشای شیعر یان هەر ناوێکی تری لەو جۆرەبێت، ئەوە تەنیا خەڵک دەتوانێ ئەو ناوەت پێ ببەخشێت کە من لەگەڵیدانیم.
کوردستان24: گریان یاخود پێکەنین؟
هەورامان عەلی: هەردووکیان، چونکە گریان و پێکەنین بەر لەهەر شتێک غەریزەی مرۆڤن، ئەگەر خەمێکت هەبێ، مەگەر گریان فریادڕەس بێت بۆ ئەو خەمەی کە هەتە، خۆ ئەگەر شادی یان خۆشیەکیشت هەبێت مەگەر هەر پێکەنین پێناسەی ئەو خۆشیانەت بکات.
کوردستان24: ئەو کاتەی دەنووسیت، خەیاڵەکانت تۆ بەرەو کوێ دەبەن؟
هەورامان عەلی: پرۆسەی نووسین پرۆسەیەکی ئاڵۆزە بەتایبەت شیعر، شیعریش بۆخۆی خەیاڵە و خەیاڵیش هیچ سنوورێکی نییە و ناتوانی جڵەوگیری بکەیت، زۆرجار ویستوومە شیعر بۆ بابەتێکی تایبەت بنووسم، کەچی خەیاڵم لەشتێکی دیکەوە سەری دەرچووە.
کوردستان24: ناوی چەند شاعیرێکی ناوخۆ و جیهانیم پێ بڵێ کە زۆر تایبەت بن لای تۆ؟
هەورامان عەلی: هەر کەسێک کە سەرەتا بەهرەیەکی تێدا دەردەکەوێت، ئەو کەسە پێی بزانێ یان نا، ئەوە کاریگەرە بەنووسەران و شاعیرانی پێش سەردەمی خۆی، جا لەهەر بوارێکدابێت، بۆیە بەدڵنیاییەوە منیش بەدەرنیم لەو حاڵەتە و کاریگەربووم بەشاعیرانی پێش سەردەمی خۆم ئەوانیش وەکو؛ مەولەوی، نالی، مەحوی، وەک شاعیرانی کلاسیکی. گۆران، سوارەی ئێلیخانزاد، وەک شاعیرانی نوێی کوردی و هەروەها شێرکۆ بێکەس، پەشێو، هەڵمەت، جەمال غەمبار و دلاوەر قەرەداغی وەک شاعیرانی ئەم سەردەمە. لێتان ناشارمەوە "بەکر عەلی" شاعیری جوانەمەرگیش یەکێکە لەشاعیرانی دڵخوازی من، بۆ شاعیران و نووسەرانی جیهانیش مەگەر لێرە و لەوێ بەر تێکستێک یان چەند تێکستێکیان کەوتبم، بەڵام سوهرابی سوپێهری، فروغی فروخزاد، ئەحمەدی شاملۆی فارس، نزار قەبانی و مەحمود دەروێشی عەرەب تایبەتن و شیعرەکانیان کاریگەریان نەک لەسەرمن، بگرە لەسەر زۆربەی شاعیرانی ئەم جیلەی ئێستا هەبووە.
کوردستان24: پڕۆژەی تازەت چییە؟
هەورامان عەلی: ئاشکرایە ماوەیەک بەر لە ئێستا دیوانە شیعریەکەم وەک تازەترین پرۆژەم لە سێ مەراسیم و لە هەرسێ پارێزگاکەی کوردستان، هەڵەبجە، سلێمانی و هەولێر بڵاوکردەوە، بەبەشداری چەند هونەرمەندێکی بواری میوزیک و گۆرانی و بەئامادەبوونی جەماوەرێکی زۆر مەراسیمەکان بەڕێوەچوون، دیوانەکەش لەڕێگەی هاوڕێ و برای خۆشەویستم مامۆستا کۆچەر میرزا و دۆستانی هەڵەبجە بەچاپ گەیەندرا، لێرەشەوە دەمەوێ سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی هەموو ئەو ئازیز و خۆشەویستانەم بکەم کە بەشداربوون لەهەرسێ مەراسیمەکەی هەڵەبجە، هەولێر و سلێمانی.
هەورامان عەلی، شاعیر و نووسەر، تەمەنی 53 ساڵە و خەڵکی شاری هەڵەبجەیە، پهیمانگای مامۆستایانی له سلێمانی تهواو کردووە، دوای ساڵانێک لەئەزموونی مامۆستایی، ئێستا لەیەکەی چالاکی قوتابخانەکانی سلێمانی سەرپەرشتی بەشی شیعر و پەخشان دەکات.