ئەیاد عەلاوی بۆ کوردستان24: شتێک نەماوە بەناوی سوپای عێراق

K24 – بەغدا:

ئەیاد عەلاوی، سەرۆکوەزیرانی پێشتووتری عێراق رەتیدەکاتەوە شتێک مابێت بەناوی سوپا لە عێراقدا و رایگەیاند، وڵاتان بۆردومانی عێراق دەکەن و سوپایەکی بەهێزمان نییە وەڵامیان بداتەوە.

لە یادی 103 ساڵەی دامەزراندنی سوپای عێڕاق، ئەیاد عەلاوی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند، شتێک نەماوە بە ناوی سوپا هەمووی بووەتە گرووپی چەکداری، وڵاتەکانی تریش بە راست و چەپ بۆردومانمان دەکەن و پێڵاویان خستووەتە سەر سەرمان کەس نییە وه‌ڵامیان بداتەوە چونکە سوپایەكی بەهێزمان نییە.

عەلاوی گوتی: "سوپاس بۆ خودا من ئەو کارەم کرد، من نەهاتبووم یاری منداڵان بکەم، سوپای عێراقم گەڕاندەوە و ریزەکانیم یەکخستەوە، من ئەو هەڵوێستانەم رەتکردەوە کە دژی کورد بوون، ئەوەش رەتدەکەینەوە کە ئێستا هەیە و قبوڵی ناکەین، کورد گەلی ئێمەن، خۆ لەسەر مانگ و مەریخەوە نەهاتوون".

ئەیاد عەلاوی ئاماژەی بەوەشکرد: "لە سەردەمی ئۆپۆزیسیۆندا تاکی کورد بە ژیان و رزقی خۆی ئێمەی پاراست، گەمارۆی ئەمەریکا و سەدامیان لەسەر بوو، لەگەڵ ئەوەشدا کوردەکان ئێمەیان هەر پاراست، ئێمە لە کوردستان کارمان کردووە، کورد بە گیانی خۆیان ئێمەیان پاراست و بەرگەی نەهامەتی حکومەتە زۆردارەکەی سەدامیان گرت".

سوپای عێراق لەسەردەمی پاشایەتی و لە شەشی كانوونی دووەمی 1921 دامەزراوە، ساڵانە یادی ئەو رۆژە دەكرێتەوە و لە عێراق پشووی فەرمییە. لە سەرەتای دامەزراندنیدا تەنیا سوپای پیادە بووە دواتر هێزی ئاسمانیی عێراق له‌ ساڵی 1931 و هێزی ده‌ریاییش له‌ ساڵی 1937 دامەزران.

سوپای عێراق‌ له‌وه‌ته‌ی دامه‌زراوه‌ بەشداری چەندین شەڕ و ململانێی ناوخۆ و كودەتای كردووە، كه‌ دیارترینیان جەنگی هەشت ساڵەی عێراق- ئێران، جەنگی داگیركردنی كوەیت، جەنگی كەنداو، شەڕی شۆڕشەكانی كورد، کیمیابارانکردنی هەرێمی کوردستان و ئەنفالکردنی کورد و سەركوتكردنی راپەڕینی پارێزگاكانی باشووری عێراقی لە ساڵی 1991 بووه‌.

Fly Erbil Advertisment