منداڵەكانی زیدان لە بواری تۆپی پێ بۆ باوكیان بـوونەتە بـەڵا

زەینەدین زیدان ئەفسانەی پێشووی هەڵبژاردەی فەرەنسا و یانەی ریال مەدرید جیاواز لە كوڕەكانی سەردەمێكی زێڕین و گەورەی لە بواری یاریكردن و راهێنەرایەتی تێپەڕكردووە، بەڵام كوڕەكانی نەچوونەتەوە سەر رێچكەی باوكیان، لە بواری تۆپی پێ بۆ باوكیان بوونەتە سەرئێشە و بەڵا، بە گوێرەی میدیایەكانی فەرەنسی زیدان بەردەوام لەگەڵ بریكارەكانی یاریزانان لە گفتوگۆ دایە بۆ ئەوەی یانەی نوێ بۆ كوڕەكانی بدۆزێتەوە.
زینەدین زیدان لە باوك و دایكێكی جەزائیری بە ناوەكانی ئیسماعیل و مەلیكە لە دایكبووە، زیدان خاوەنی چوار كوڕە و هەر چوارییان بە پشتگیری باوكیان لە ریال مەدرید دەستیان بە یاریكردن كردووە، بەڵام هیچ كامێكیان نەیانتوانیوە ئاستێكی باش پێشكەش بكەن كە باوكیان لە بواری تۆپی پێ شانازییان پێوە بكات.
ـ ئینزۆ زیدان كوڕە گەورەی زەینەدین زیدانە و ئێستا تەمەنی 28 ساڵە، سەرەتای تەمەنی یاریكردنی لە ریال مەدرید بوو، زۆر پشتگیری كرا، بەڵام نەیتوانی پێگەی خۆی لە یانەكە بدۆزێتەوە، تەنانەت وەكو یاریزانی یەدەگیش شوێنی نەبووەوە، سەرەڕای ئەوەی كوڕی یەكێك بوو لە گەورەترین ئەفسانەكانی تۆپی پێ، بەڵام ئینزۆ تەنانەت یانەیەكی گونجاوی لە لالیگاش پێنەدۆزراوە، تەمەنێكی كورتی لە یانەكانی ئالاڤێس و ئەلمیریا تێپەڕكرد، وەرزی رابردووش یاریی بۆ یانەی رۆدێز لە خولی پلەدووی فەرەنسی دەكرد، ئێستاش ئینزۆ بێ یانەیە.
ـ لوكا زیدان تەمەن 25 ساڵ ئێستا گۆڵپارێزی یانەی ئیبارە، هاوشێوەی برایەكانی دیكەی هەر لە ریال مەدرید دەستی بە یاریكردن كردووە، پێشتر یاریی بۆ یانەكانی رایسینگ و رایۆ ڤاییكانۆ كردووە، ئێستا زیدان بۆ ئەوەی كێشەی ئەو كوڕەی لە كۆڵ بێتەوە سەرپەرشتی نوێكردنەوەی گرێبەستی لوكای كردووە بۆ ئەوەی تا هاوینی 2026 لە ئیبار بمێنێتەوە.
ـ تیۆ زیدان تەمەنی 21 ساڵە، هاوشێوەی باوكی ناوەرستكارە، وەكو رێزێك لە زینەدین زیدانی باوكی كە پێشتر زۆرترین خزمەتی بەو یانەیە كردووە، تیۆ لە تیپی كاستیای ریال مەدرید ماوە و گرێبەستەكەشی لە هاوینی داهاتوو كۆتایی دێت و دەبیت زیدان چارەیەك بۆ یانەی نوێی ئەو كوڕەشی بدۆزێتەوە، ئێستا نرخی تیۆ لە بازاری گواستنەوەی یاریزانان نیو ملیۆن یۆرۆیە.
ـ ئیلیاس زیدان تەمەنی 19 ساڵە و جیاواز لە باوكی بەرگریكارە، هەر لە ریال مەدرید دەستی یە یاریكردن كردووە و گرێبەستەكەشی كۆتایی هاتووە، بە گوێرەی رۆژنامەی ماركا ئێستا زیدانی باوكی لەگەڵ بەڕێوەبەری كارەكانی یاریزانان لە گفتوگۆدایە بۆ ئەوەی ئیلیاسی كوڕە بچووكەكەی بباتە ریال بێتیس.
